تەندروستی

كۆرۆنای نوێ تا دێت زیاتر بڵاودەبێتەوە


كۆرۆنای نوێ تا دێت زیاتر بڵاودەبێتەوە و سەرەڕای گرتنەبەری ڕێكاری خۆپارێزیی توند لەسەر سنورەكان و لە فڕۆكەخانەكان، بەڵام ئەم جۆرە نوێیەی كۆرۆنا گەیشتووەتە چەندین وڵاتی تری جیهان و ئەوەش جێی نیگەرانیە و ئاستەنگ بۆ ئەو ڤاكسینانە دروست دەكات كە پەرەیان پێ‌ دەدرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە.

پسپۆڕێكی بوارەكە بە دووری نازانێت ئەو جۆرە نوێیەی كۆرۆنا تەنانەت بەسەر ئەو ڤاكسینانەشدا سەركەوێت كە ئێستا لە چەندین وڵاتی جیهان دەردرێت بە خەڵكی. پسپۆڕانی نەخۆشیە گوازراوەكان لە زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی ئاماژەیان بەوەكردووە سیناریۆیەكی تۆقێنەر نیە  ئەگەر ئەو جۆرە نوێیەی كۆرۆنا بەسەر ئەو ڤاكسینانەدا زاڵ بێت، لەبەرئەوەی تەنها ٦ هەفتەیان پێویستە بۆ پەرەپێدانی ڤاكسینێكی نوێ‌ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە نوێیە.

پسپۆڕانی بوارەكە زیاتر نیگەرانی ئەو جۆرەی كۆرۆنان كە لە ئەفریقای باشور بڵاوبووەتەوە، نەك ئەو جۆرەی سەرەتا لە بەریتانیا بڵاوبووەوە، و دەڵێن ڤاكسینەكانی ئێستا توانای ئەوەیان هەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرەیاندا بكەن، بەڵام جۆرەكەی ئەفریقای باشور جیاوازە. هاوكات بەڕێوەبەری پەیمانگای نەخۆشییە گوازراوەكانی ئەمریكا پێی وایە بەكارهێنانی ڤاكسینەكانی كۆرۆنا، نابێتە هۆی لەناوبردنی یەكجارەكیی ڤایرۆسەكە.

ئەنتۆنی فاوچی لە چاوپێكەوتێكدا، ڕایگەیاند دەكرێت بەڵێنەكەی جۆو بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا سەبارەت بە دابەشكردنی نزیكەی ١٠٠ ملیۆن ڤاكسین لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژی یەكەمی دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەیدا لە كۆشكی سپی، بێتەدی، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا گرنگە، سەردانی بنكە و نەخۆشخانەكان بكەیت لە ئەمریكا، بۆ ئەوەی ئاگاداری ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبووان و گیان لە دەستدان بیت، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە.

لێدوانەكەی بەڕێوەبەری پەیمانگای نەخۆشییە گوازراوەكانی ئەمریكا لە كاتێكدایە، بە پێی ئامارێكی زانكۆی جۆنز هۆبكینز، زیاتر لە ٣٥٠ هەزار كەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە ئەمریكا، گیانیان لە دەستداوە.

ئەنتۆنی فاوچی باسی لەوەشكرد هەرچەندە ڤاكسینەكە نابێتە هۆی لەناوبردنی یەكجارەكیی كۆرۆنا، لەگەڵ ئەوەشدا پێدانی نزیكەی ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار ڤاكسین بە هاوڵاتیانی ئەمریكا لە ماوەی ٧٢ سەعاتی ڕابردوودا ، گەشبینی بۆ دروستكردووە كە لە ماوەیەكی پێوانەییدا ڤاكسینەكە بگاتە سەرجەم هاوڵاتیان.

مانگ پێشتر - Jan 5 2021 9:18AM
Print Friendly and PDF
زیاتر