کڵاشینکۆف، کوشندەترین داھێنانی مرۆڤ

2022-12-24   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کاتێک باس لە کوشندەترین چەک دەکرێت دەمودەست بیرمان بۆ چەکی ئەتۆمی دەچێت، بەڵام چەکێکی تر بەرپرسە لە کوشتنی زۆرترین مرۆڤ و بە کوشندەترین داھێنراوی سەدەی ٢٠ دادەنرێت، ئەویش چەکی "AK-٤٧"ە.

"ئەی کەی-٤٧" بە بەربڵاوترین چەک دادەنرێت لە جیھاندا، لەلایەن ئەندازیاری سەربازی بە رەگەز رووس "میخائیل تیمۆفێیڤیچ کڵاشنیکۆڤ"ەوە دروستکراوە.

"ئەی کەی-٤٧" لە زمانی رووسیدا کورتکراوەی "ئەڤتۆمات کڵاشنیکۆڤا"یە، لە زمانی کوردیشدا بەھۆی ئەوەی وشەکە لە زمانی عەرەبییەوە وەرگیراوە بە (کڵاشینکۆف) و (کڵاشکۆف) ناوی دەھێندرێت، ژمارە ٤٧-یش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی دروستکردنەکەی لە سەدەی رابردوودا، بەڵام چەکەکە لە ساڵی ١٩٤٩ خراوەتە خزمەتی سەربازیی سوپای سۆڤیەتەوە.

کڵاشینکۆف بەوە ناسراوە کە ئاسان بەکاردەھێنرێت و خۆش دێت بە دەستەوە، ھەروەھا بەوەش ناسراوە کە بەرگەی ئەوە دەگرێت لە کەشوھەوای سەختدا ھەڵبگیرێت و بە باشی بمێنێتەوە، ھەروەھا فیشەکی ٧.٦٢ی بۆ دەبێت و لە ٦٠٠ مەترەوە دەتوانێت ئامانج بپێکێت.

کڵاشینکۆف بە یەکێک لە بەربڵاوترین چەک دادەنرێت لە جیھاندا، بەپێی خەمڵاندنەکان لە تەواوی جیھاندا لە نێوان ٧٥ بۆ ١٠٠ ملیۆن دانە ھەیە، ئەمەش واتا لە ٦٠ کەسدا یەک کەس خاوەنی چەکێکی لەم جۆرەیە.

بەھۆی بەربڵاوییەکەیەوە، کڵاشینکۆف لەسەر ئاڵا و لۆگۆی چەندین وڵات وەک ھێمای بەرەنگاربوونەوە بەکارھاتووە، وەک "تیمۆری رۆژئاوا، زیمبابۆی، بورکینا فاسۆ و مۆزەمبیق".

چەکی کڵاشینکۆف بە کوشندەترین چەک دادەنرێت، بەپێی ھەندێک ئامار، ساڵانە لە تەواوی جیھاندا نزیکەی ٢٥٠ ھەزار کەس بە چەکی کڵاشینکۆف دەکوژرێن.

میخایل کڵاشنیکۆڤ لە١٠ی تشرینی دووەمی ١٩١٩ لەدایکبووە، لە ماوەی جەنگی دووەمی جیھانیدا وەک میکانیکی تانک و زرێپۆش لە ڕیزی سوپای سووری سۆڤیەتدا بوو.

لە کاتی جەنگی دووەمی جیھانیدا چاوی بە چەکە پێشکەوتووەکانی ئەڵمانیا دەکەوێت و بڕیار دەدات چەکێکی نوێ دروستبکات، بۆیە پاش چەن ھەوڵێکی شکستخواردوو، لە کۆتاییدا چەکی "AK-٤٧"ی دروستکرد.

میخائیل کڵاشنیکۆڤ لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣لە تەمەنی ٩٤ساڵیدا مردووە، لەلایەن رووسیاوە وەک پاڵەوانی نیشتمانیی ناسێندراوە و میداڵی ڕێزلێنانی ستالین و لێنین و ئەستێرەی سووری پێ بەخشراوە و لە ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن ڤڵادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیاوە چەکی کڵاشینکۆف وەک داھێنانێکی بلیمەتانەی گەلی رووسیا ناسێندراوە و بووە بە ھێمایەک لە ھێماکانی وڵاتی رووسیا.