توێژینەوەیەک مەترسی نیشتەجێبوون لە نزیک شوێنە قەرەبالغەکان دەخاتەڕوو

January 6th, 2017 | لەلایەن chalak sh | بینین : 5905
توێژینەوەیەک مەترسی نیشتەجێبوون لە نزیک شوێنە قەرەبالغەکان دەخاتەڕوو
تەندروستی
0

ژیان لە نزیک شوێنە قەرەباڵغەکان بەھۆی پیسبوونی ھەواوە، مەترسی توشبوون بەگرفتی تەندروستی لە نێو کەسانی گەورەو منداڵانیشدا زیاد دەکات.

توێژینەوەیەکی کەنەدی کە لەلایەن دامەزراوەی “ئۆنتاریۆ” بۆ تەندروستی گشتی ئەنجامدراوە ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانەی لە نزیک ڕێگاوبانە قەرەباڵغەکان ژیان بەسەر دەبەن، مەترسی توشبوونیان بەبیرچوونەوە بەبەراورد بەو کەسانەی لە شوێنی ئارام و چۆڵدا دەژین زیاترە.

توێژەرەوان بەمەبەستی دەرخستنی کاریگەری پیسبوونی ھەوا لەسەر مێشکی مرۆڤ, بۆ ماوەی ١٠ ساڵ چاودێری ٦ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار کەسیان کردووە.

بەپێی ئەو توێژینەوەیەش دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی لە نزیک ڕێگا سەرەکییە قەرەباڵغەکان دەژین ئەگەری پیسبوونی ھەوا زیاترە و ھەروەھا ئەگەری توشبوونی کەسەکانیش بە بیرچوونەتەوە بە ڕێژەی ١٢% بە بەراورد بە کەسانی تر زیاترە.

ئەوانەشی ٥٠ مەتر لە ڕێگا قەرەباڵغەکانەوە دوورن, بەڕێژەی لە ٧% مەترسی توشبوونیان بە بیرچوونەوە لەسەرە, بەڵام ئەو مەترسییە لەسەر ئەوانەی کە بە تێکڕای ١٠٠ مەتر لە شوێن و ڕێگاوبانی قەرەباڵغەوە دەژین مەترسی توشبوونیان لە ٤% ە.

توێژینەوە تەندروستییەکانی دیکەش ھۆشداری دەدەن لەوەی کە ئەو منداڵانەی کە لەو شارانەدا دەژین کە نزیکە لە ناوچە قەباڵغەکانەوە, ھەڕەشەی توشبوون بە “ڕەبۆ”یان لەسەرە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی, ژمارەی توشبووان بەو کەسانەی دووچاری بیرچوونەوە یاخود سست بوونی بیر و ھزریان بوون لە ساڵی ٢٠١٥دا, گەیشتۆتە ٤٧ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس.

ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیش پیسبوونی ھەوای لە دەرەوەی ماڵەکاندا بە گەورەترین مەترسی ژینگە لەسەر تەندروستی وەسف کردووە و ڕاشیانگەیاندووە کە پیسبوونی ھەوای دەرەوە لە ساڵی ٢٠١٢دا, ھۆکار بووە بۆ گیان لەدەستدانی پێشوەختی ٣ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس لە سەرتاسەری جیھاندا.