بایدن ھۆشداری دەداتە پوتن لە داگیرکردنی ئۆکراین

2022-02-12   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکانی ئەمریکا و روسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی رەوشی ئۆکراینینیان کرد، کۆشکی سپیش بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییەکەدا بایدن بە پوتنی وتووە، وەڵامی خێرا و یەکلاکەرەوەیان دەبێت بۆ ھەر ھێرشی سەر ئۆکراین.


کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییەکەدا جۆ بایدن، بە ڤلادیمێر پوتنی وتووە، داگیرکردنی ئۆکراین کارەساتێکی مرۆیی فراوانی لێدەکەوێتەوەو پێگەی روسیاش لاواز دەکات، جەختیشی کردوەتەوە، ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەیان دەبێت و سزای قورس بەسەر روسیادا دەسەپێنن.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، بایدن ئامادەیی واشنتۆنی بۆ چارەسەری دیبلۆماسی و ھەر سیناریۆیەکی تر پیشانداوە و داواشی لە پوتن کردوە رێڕەوی دیبلۆماسی بگرێتەبەر.
کۆشکی کرملینیش بڵاویکردەوە، پوتن بە تەلەفۆن لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا قسەی کردووە و بە ماکرۆنی وتووە، تۆمەتبارکردنی روسیا بە پلاندانان بۆ داگیرکردنی ئۆکراین پێشبینییەکی ئیستیفزازییە.
ھاوکات سەرچاوەکان لە فەرەنساوە ئاماژەیان بەوەکرد، ماکرۆن بە پوتنی ووتوە لە حاڵەتی ھێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکراین، رووبەرووی سزای توند دەبێتەوە.
ھەر ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا گفتوگۆیان کرد و بلینکن بە لاڤرۆڤی راگەیاند، ھێشتا دەرگای گفتوگۆ کراوەیە.

بەرپرسێکی ئەمریکیش ئاشکرایکردووە، لە دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی بایدن و پۆتن هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەڵویستی هەردوو وڵات رووینەداوە.