بریکارەکەی داود ئۆغڵو: دەمیرتاش لەسەر سکاڵای داود ئۆغڵو سزا نەدراوە

2022-01-25   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
پارێزەری داود ئۆغڵو ڕەتیدەکاتەوە دەمیرتاش لەسەر سکاڵای بریگرتەکەی سزا درابێت.

ئەحمەد باشجی، بریکاری ئەحمەد داود ئۆغڵو ، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا ڕایگەیاند، ئەو سزایەی لەلایەن دادگای مێرسینەوە بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" سەپێدراوە پەیوەندی بە سکاڵای بریگرتەکەیەوە نییە، چونکە داود ئۆغڵو لە ساڵی ٢٠٢٠وە سەرجەم ئەو سکاڵایانەی کشاندووەتەوە کە پەیوەندییان بە سوکایەتیکردن بە خۆیەوە ھەیە.

بریکارەکە باسی لەوەش کردووە ھیچ کام لە پارێزەرەکانی داود ئۆغڵو بەشدارییان لە دادگاییەکەی مێرسیندا نەکردووە و ئەوەی بڵاوکراوەتەوە دوورە لە ڕاستییەوە و مەبەستی خراپی لە پشتەوەیە.

ڕۆژی دووشەممە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، لەسەر سکاڵایەکی ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا کە لە ساڵی ٢٠١٦ تۆماریکردووە، دادگای مێرسین سزای  ١١ مانگ و ٢٠ ڕۆژ زیندانیی بەسەر دەمیرتاشدا سەپاندووە.

بە پێی ھەواڵەکە دەمیرتاش لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بەشداری لە دانیشتنەکەدا کردووە و ڕەخنەی لە داود ئۆغڵو گرتووە و وتوویەتی، لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنە کەچی تا ئێستا ئەم سکاڵایەی نەکشاندووەتەوە، ئەمە چ جۆرە سیاسەتێکە پەیڕەوی دەکات؟