ئێران مافی دەنگدانی لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەڕایەوە

2022-01-23   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دوای ماوەیەک لە بێبەشبوونی، جارێکی تر مافی دەنگدان بۆ ئێران گەڕایەوە لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

وەزارەتی دارایی کۆریای باشور ڕایگەیاند، بڕی ١٨ ملیۆن دۆلاری بلۆککراوی ئێرانی لە بانکەکانی وڵاتەکەی بەکارھێناوە بۆ شایستە داراییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لەسەر ئێران کەڵەکە بووە، ئەوەش ڕێگە دەدات بە ئێران جارێکی دیکە مافی دەنگدانی بۆ بگەڕێتەوە لە ڕێکخراوەکە.


ئاماژەی بەوەشکردوە، تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بە ھاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بووە، دوای ئەوەی ئێران داوایەکی بە پەلەی پێشکەش کردووە بۆ خەرجکردنی ئەو بڕە پارانەی لەسەری کەڵەکە بوون.


وەزارەتی دارایی کۆریای باشور جەختیشیکردەوە، لەگەڵ ڕادەستکردنی ئەو بڕە پارەیە بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران ڕاستەوخۆ مافی دەنگدانی بۆ دەگەڕێتەوە لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.


پێشتر حکومەتی ئێران ڕایگەیاندبوو بەھۆی گەمارۆ ئابوری و داراییەکانی سەری، ناتوانێت ئەرکە داراییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دابین بکات.