ھاوپەیمانان کاروانێکی سەربازیان رەوانەی دەوروبەری گرتووخانەی غوێران کردووە

2022-01-23   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، شەڕ و پێکدادان لە گرتووخانەی "غوێران" لە حەسەکە بەردەوامە و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش کاروانێکی سەربازی رەوانەی دەوربەری گرتووخانەکە کردووە.

روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ماوەی چوار رۆژە شەڕ لە گرتووخانەی "غوێران" و دەوروبەری لە شاری "حەسەکە" بەردەوامە و بەھۆیەوە ١٠٢ کەس کوژراون، کە ٦١یان داعشن و ٣٤یان لە ھێزەکانی سوریای دیموکراتن و "٧"یش مەدەنین، پێشبینیش دەکرێت ئامارەکە لەوە زیاتر بێت کە بڵاوکراوەتەوە. 
روانگەی سوریا راشیگەیاندووە، یەکەی ھاوبەشی ھێزەکانی سوریای دیموکرات و ھێزی ئاسایشی ناوخۆیی و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر ھەڵیانکوتاوەتە سەر دەوروبەری گرتووخانەکە و لە چەند خاڵێکی پێشکەوتوو جێگیر بوون.
ھاوکات کاروانێکی سەربازی سەر بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەیشتۆتە دەوروبەری گرتووخانەکە و ھەلیکۆپتەری ھاوپەیمانانیش بە ئاسمانی ناوچەکە دەسوڕێنەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند سەعاتی داھاتوودا رەوشەکە یەکلا بکرێتەوە. 
جێی ئاماژەیە، گرتووخانەی "غوێران" گەورەترین گرتووخانەی تیرۆریستانی داعشە و نزیکەی ٥ ھەزار تیرۆریستی تێدایە.