د. ڕەھێڵ فەرەیدون: ھیچ حاڵەتێکی توشبوون بە کۆرۆنای ئۆمیکرۆن تۆمار نەکراوە

2021-11-28   |  
تەندروستی ھەرێم کۆرۆنای ئۆمیکرۆن
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی تەندروستی ھەرێم رایگەیاند، ھیچ حاڵەتێکی توشبوون بە کۆرۆنای ئۆمیکرۆن لە ھەرێم و عێراق تۆمار نەکراوە و لە کاتی پێویستدا رێکاری نوێ بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی دەگرنەبەر.

"د. ڕەھێڵ فەرەیدون" بریکاری وەزارەتی تەندروستی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی توشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاو کە ناسراوە بە ئۆمیکرۆن، لە ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە و ھەرکاتێک رێکخراوی تەندروستی جیھانی ھۆشداریدا لەبارەی ھاتووچۆکردن بۆ ئەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسەکەیان تێدا بڵاوبوەتەوە، ئەوا رێکاری پێویست دەگرنەبەر، ھەروەھا بڕیاری قەدەغەی گەشتکردن و کەرەنتینەکردنی ئەو کەسانە دەدرێت کە لەو وڵاتانەوە دەگەڕێنەوە.

بریکاری وەزارەتی تەندروستی وتیشی، رێکارەکانی خۆپارێزی لەم جۆرەی کۆرۆنا ھەمان رێکاری جۆرەکانی تری ڤایرۆسەکەیە و داوای لە ھاوڵاتیانیش کرد لە ئێستاوە رێکارەکان جێبەجێ بکەن و خۆیان بپارێزن. ھاوکات "ڕیاز عەبدولئەمیر" بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕاگەیاند، ھیچ حاڵەتێکی توشبوون بە کۆرۆنای ئۆمیکرۆن تۆمار نەکراوە و دەشڵێت، پێشنیاریان کردووە گەشتکردن بۆ باشوری ئەفریقا و ئەو چەند وڵاتەی ئەوروپا قەدەغە بکرێت کە کۆرۆنای ئۆمیکرۆنیان تێدا بڵاوبووەتەوە.