تەکنەلۆژیا

فەیسبوک چەند تایبەتمەندییەکی ئینستاگرام و مێسێنجەر لە ئەوروپا ڕادەگرێت


لە هەواڵێکی ئاژانسی (BBC) هاتووە، کۆمپانیای فەیسبوک کە خاوەندارییەتی هەردوو پڕۆگرامی تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئینستاگرام" و "مێسێنجەر" دەکات، هەڵدەستێت بە ڕاگرتنی بەکارهێنانی هەندێک تایبەتمەندیەتی و ئامڕازی ئەو دوو پڕۆگرامە لە ئەوروپا وەک خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی یاساکانی تایبەتییەتی تاک لەو کیشوەرەدا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە هەردوو پڕۆگرامی تۆڕی کۆمەڵایەتی ناوبراو پێویستە پەیڕەوی یاساکەی یەکێتی ئەوروپا بکەن کە ناسراوە بە "ڕێنماییەکانی تایبەتییەتی ئەلیکترۆنی" و لەو ڕوانگەیەشەوە فەیسبوک بڕیاریداوە ئامڕازەکانی وەک (بژاردەی کاردانەوەکان لەسەر نامە، ڕاپرسی لە گفتوگۆی کۆمەڵ (group chat) ، دانانی نازناو بۆ هاوڕێ) لەسەر پڕۆگرامی "مێسێنجەر" ڕابگرێت و بەکارهێنەر بتوانێت تەنها ناوەڕۆکی بابەت بە نامە بنێرێت. لە پاڵیشیدا کۆمپانیای ناوبراو بەشداریپێکردنی (فلتەرەکانی ڕووخسار) لەگەڵ هاوڕێ لە کاتی نامە گۆڕینەوە لەسەر پڕۆگرامی "ئینستاگرام" ڕادەگرێت.

فەیسبوک لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە کردووە یاساکەی یەکێتی ئەوروپا کاریگەری لەسەر پڕۆگرامەکان نابێت سەبارەت بە پەیام گۆڕینەوە و ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفۆنی. ڕاشیانگەیاندووە، تا ئێستا ڕیزبەندییەکی دروستی ئەو تایبەتمەندیانەیان بڵاونەکردووەتەوە کە ڕاگیراون چونکە لە ئێستادا سەرقاڵی دۆزینەوەی باشترین ڕێگەن بۆ دووبارە کاراکردنەوەیان بە شێوەیەک بگونجێت لەگەڵ ڕێنماییەکانی یەکێتییەکە.



3 مانگ پێشتر - Dec 18 2020 2:42PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
1