وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی ھەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان و سوتاندنی کتێبخانەی پیرەمەگرون ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەستێکی گێرەشێوێن لە ناحیەی پیرەمەگرون ھەڵیانکوتاوەتە سەر چەند فەرمانگەیەک، لە ناویاندا کتێبخانەی گشتی پیرەمەگرون و ئاگریان تێبەرداوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، وەزارەتی ڕۆشنبیری پشتیوانی ھەموو داوایەکی مەدەنییانەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە، بەڵام بە توندی ھەموو کارێکی تێکدەرانەش ئیدانە دەکات.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، پەلاماردانی کتێبخانە، کارێکی دوور لە ڕەوشتی شارستانییە، ناکرێت بۆ بە دەستھێنانی خواست و داواکاری توێژێک، فەرمانگە و دامەزراوە و ئاڵا بکەونە بەر ھێرش و سوتاندن و وێرانکاریی.