تەکنەلۆژیا

سوپای ڕووسیا "درۆن"ێکی ڕاوکەر بەرهەمدەێنێت


بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "ناشیۆناڵ ئینترێست"ی ئەمریکی، سوپای ڕووسیا فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ێکی نوێی بە ناوی "کارنیڤۆرا" بەرهەمهێناوە کە پێشتر "درۆن"ی هاوشێوەی نەبووە و بۆ دەستبەسەرداگرتن و ڕاوکردنی درۆنەکانی دوژمن بەکاردەهێنرێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، درۆنی ڕاوکەری "کارنیڤۆرا" کێشی ٤٠ کیلۆگرامە و دەتوانێت بە خێرایی ١٥٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا بفڕێت و بۆ ماوەی ١٥ سەعات لە ئاسماندا بمێنێتەوە، هەروەها فڕۆکەکە پشت بە ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی کەشتیوانیی ئاسمانی نابەستێت و بەهۆیەوە دەتوانێت خۆبپارێزێت لە سیستمی چاودێری (ڕادار)ی بنکە ئەلیکترۆنیەکانی دوژمن لە کاتی جەنگدا.

لە پاڵ ئەمانەشدا ئەندازیارانی سەربازیی ڕووسیا لە بەشی دواوەی فڕۆکەکەدا تۆڕێکیان جێگیرکردووە کە ڕوەو ئامانجی دیاریکراو دەهاوێژرێت بە پێی دووری مەودای نێوان دوو فڕۆکەکە و بەهۆی سیمێکی ئاسنینەوە ڕادەکێشرێتەوە، بەو شێوەیەش "کارنیڤۆرا" دەتوانێت درۆنی ئامانج ڕاو بکات و بەرەو خۆی ڕایبکێشێتەوە بە بێ ئەوەی زیان بە فڕۆکەی ئامانج بگەیەنێت. هەروەها کۆنترۆڵی خێرایی ڕاکێشانەوەی فڕۆکەی ئامانجیش دەکات.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە "کارنیڤۆرا" سەرەڕای ڕاوکردن، وەک فڕۆکەی جەنگی هێرشبەر بەکاردەهێنڕیت لەبەرئەوەی بە بۆمبی ئاسمانی بچووک و مووشەکی وێرانکەر پڕچەک کراوە و دەتوانرێت سودی لێببینرێت لە کاتێکدا بنکە جەنگییە ئەلیکترۆنیەکانی ڕووسیا نەتوانن ژاوەژاو (تەشویش) بخەنە سەر ئەو درۆنانەی دوژمن کە خودکارن و هاوشێوەی "کارنیڤۆرا" پشت نابەستن بە ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی کەشتیوانیی ئاسمانی و پەیوەندیان بە بنکەی سەرکردایەتییەوە نییە.

3 مانگ پێشتر - Dec 12 2020 2:41PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
1