تەکنەلۆژیا

کۆمپانیای گوگڵ سزای دارایی ١٠٠ ملیۆن یۆرۆی بەسەردا سەپێندرا


لە هەواڵێکی ئاژانسی (BBC)دا هاتووە کە لیژنەی نیشتیمانی زانستی زانیاری و ئازادی فەڕەنسای ناسراو بە (CNIL) بڕی ١٠٠ ملیۆن یۆرۆی وەک سزا بەسەر کۆمپانیای "گوگڵ"دا سەپاند بەهۆی پابەند نەبوونی کۆمپانیای ناوبراو بە یاساکانی چۆنیەتی دانانی ڕێکلامە بازرگانییە شوێنکەوتەکان (کوکیز) لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەمە گەورەترین بڕی سزای داراییە لە مێژووی لیژنەکەدا و پێشتریش لقی فەڕەنسای ماڵپەڕی بەناوبانگی "ئەمەزۆن"ی بە ٣٥ ملیۆن یۆرۆ سزادابوو.

لەو بارەیەوە (CNIL) ڕایگەیاند، کە هیچ کام لە کۆمپانیای گوگڵ و لقی فەڕەنسای ماڵپەڕی "ئەمەزۆن" ڕەزامەندی سەردانیکەرانیان وەرنەگرتووە لە بەرامبەر نیشاندان و لەبەرگرتنەوەی کۆپیەکی ڕیکلامە بازرگانیەکان (کوکیز) لەسەر کۆمپیوتەر یاخود ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانیان.

لیژنەی ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە کە کۆمپانیای گوگڵ و لقی فەڕەنسای ماڵپەڕی "ئەمەزۆن" هیچ جۆرە ڕێنمایی و زانیارییەکی ڕوونیان نەداوەتە بەکارهێنەران دەربارەی چۆنیەتی ڕەتکردنەوەی نیشاندان و دەرکەوتنی ڕیکلامە بازرگانیەکان (کوکیز) لەسەر ئامێرەکانیان.

لە کۆتایشدا، (CNIL) ماوەی ٣ مانگی بۆ هەردوو کۆمپانیا دیاریکردووە تا پێداچوونەوە بە یاساکان و شێوازی ڕیکلامە بازرگانیەکانیان بکەن و بە پێچەوانەوە ڕۆژانە بڕی ١٠٠ هەزار یۆرۆ دەچێتە سەر سزاکانیان تا کاتی جێبەجێکردنی مەرج و گۆڕانکارییەکان.



3 مانگ پێشتر - Dec 11 2020 10:24PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
1