لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە خوێندنگەیەکی ڕووسیا ٧ خوێندکار و مامۆستایەک کوژران

2021-05-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە خوێندنگەیەکی ڕووسیا، ٨ کەس کوژران و دەیانی تریش برینداربوون.

میدیاکانی ڕووسیا ڕایانگەیاند، ڕووداوێکی تەقەکردن لە خوێندنگەیەکی شاری "قازان" ڕوویداوە و بەھۆیەوە ٧ خوێندکار و مامۆستایەک کوژران و ٢١ی تریش برینداربوون، ڕێکاری ئەمنیش لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی ئەو شارە گیراوەتەبەر.


بە پێی وەزارەتی ناوخۆی ڕووسیاش تەقەکەرێک دەستگیرکراوە و فڕۆکەی تایبەت دەنێرن بۆ گەیاندنی ھاوکاری بە بریندارەکان.


کۆشکی "کرملین"یش ڕایگەیاند، وەزیرانی تەندروستی و پەروەدەی ڕووسیا سەردانی ئەو شارە دەکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکە دەبن.


"ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی ڕووسیاش سەرباری دەربڕینی ھاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیان، جەختی کردەوە لە گرنگی توندکردنی ڕێکارەکانی بەکارھێنانی چەک.


شاری "قازان" دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای ڕووسیا و یەکێکە لە گەورەترین شارە موسڵمانەکانی ئەو وڵاتە.