خۆپیشاندانەکان دژی تیرۆرکردنی چالاکوانێک لە کەربەلا بەردەوامە

2021-05-11
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
خۆپیشاندانەکان دژی تیرۆرکردنی "ئیھاب وەزنی" چالاکوان لە عێراق بەردەوامە، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەشەوە، زیاتر لە ٨٥ ڕووداوی تیرۆرکردن تۆمارکراوە. لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لە "کەربەلا" دژی تیرۆرکردنی ئەو چالاکوانە، لە پارێزگای "بابل"یش بارەگای حزبی دەعوە سوتێندرا.

ھاوکات، کەتائیبی حزبوڵای عێراقی، بەریتانیای تۆمەتبار کرد بە ھێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە "کەربەلا" و ڕایگەیاند دەبێت بەریتانیای داگیرکەر باجی ئەو کارانەی بدات.


لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشدا لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە بۆ گەیشتن بەو کەسانەی دەستیان ھەبووە لە سوتاندنی شورای کونسوڵخانەی "ئێران" لە کەربەلا.  


"ھادی عامری" سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتحیش لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، پێویستە حکومەت ھەوڵی جدی بدات بۆ گەیشتن بە تۆمەتباران و بەرقەرارکردنی ئاشتی، ڕاشیگەیاند تیرۆر ھەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی خۆیدا.


ھاوکات "فازل غەراوی" ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، زیاتر لە ٨٥ ڕووداوی تیرۆرکردن لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە لە عێراق، تۆمارکراوە.