ئەمریکییەکان لەسەر پرسی کۆچ و چەک لە بایدن ڕازی نین

2021-05-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دوای کەمتر لە ٥ مانگ لە دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا، ٦٣%ی ئەمریکییەکان لە کارەکانی "جۆو بایدن" بە گشتی ڕازین، جگە لە پرسی کۆچبەران و چەک.

بە پێی ڕاپرسییەکی ناوەندی "ئەسۆشیەیتد پرێس" و ناوەندی لێکۆڵینەوە لە زانکۆی "شیکاگۆ"، ٦٣٪ی ئەمریکییەکان لە کارەکانی "بایدن" ڕازین و ئەو ڕێژەیەش ٢ خاڵ بەراورد بە ڕاپرسییەک لە مانگی ئاداری ڕابردوو زیادی کردووە.


ھاوکات ٥٤٪ی ئەمریکییەکان پێیانوایە وڵاتەکەیان بە ئاڕاستەیەکی ڕاست دەڕوات و ٤٤٪یشیان پێیانوایە کە ئەو ڕێگەیەی وڵاتەکەیان گرتوویەتیە بەر ڕاست نییە، ئەو ٥٤٪ی ئەمریکییەکانیش کە گەشبینین بە داھاتووی وڵاتەکەیان بەرزترین ڕێژەیە کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە تۆمار کرابێت.


ھاوکات ٧١٪ی ئەمریکییەکان کە ٤٧٪یان کۆمارییەکان بوون، ڕەزامەندی خۆیان دەربڕیوە لە ھەوڵەکانی "بایدن" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ٥٧٪یش مامەڵەکردنی سەرۆکەکەیان لەگەڵ بواری ئابوری لا پەسەند بووە، بەڵام ٤٩٪ ئەمریکییەکان دژی مامەڵەی "بایدن"ن لەسەر بابەتی چەک و ٥٤٪یش لەسەر پرسی کۆچ ناڕازین.