خۆپیشاندان لە بەردەم کونسوڵخانەی ئێران لە کەربەلا بەرێوەچوو

2021-05-10   |  
کونسوڵخانەی ئێران خۆپیشاندان
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دژی تیرۆرکردنی چالاکوانێکی مەدەنی، خۆپیشاندانی نارەزایەتی لە بەردەم کونسوڵخانەی ئێران لە کەربەلا بەرێوەچوو، خۆپیشاندەران داوای دەستگیرکردنی بکوژی چالاکوان و خۆپیشاندەران دەکەن و ھێزێکی ئەمنیش بۆ پاراستنی کونسوڵخانەکە جێگیر دەکرێن.

شەوی ڕابردوو سەدان خۆپیشاندەر لە کەربەلا، بۆ نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر تیرۆرکردنی "  ئیھاب وەزنی" چالاکوانی مەدەنی، کە ڕۆژی شەممە لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە لە کەربەلا تیرۆر کرا، چوونە بەردەم کونسوڵخانەی ئێران لە شارەکە و دەرگاکانی دەرەوەیان سووتاند، داواشیان لە پارێزگار و بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی شارەکە کرد، بکوژی چالاکوان و مەدەنییەکان ئاشکرا بکەن، یاخود دەست لە کاربکێشنەوە،
بۆ ھێورکردنەوەی رەوشەکە ھێزێکی زۆری ئەمنی لە چواردەوری کونسوڵخانەی ئێران لە کەربەلا جێگیر کراون، لەوبارەیەوە ئەحمەد زوەینی بەرێوەبەری پۆلیسی کەربەلا رایگەیاند، رەوشی کەربەلا ھێور بۆتەوە.