مانگرتنی زیندانیانی بادینان دەگاتە مەترسیدارترین قۆناغ

2021-09-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا رایگەیاند، مانگرتنی زیندانیانی بادینان گەیشتۆتە مەترسیدارترین قوناغ و رەوشی تەندروستی ژمارەیەکیان زۆر خراپە.

ماوەی ١٢ رۆژە بە دروشمی "یان مردن یان ماف و ئازادی" ٨٢ چالاکوان و رۆژنامەنوسی بادینان لە زیندان مانیان گرتوە بە پێی راگەیەنراوێکی کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان ،  رەوشی تەندروستی رۆژنامەنوس ئەیاز کەرەم کە یەکێکە لە زیندانیانی بادینان تێکچوە و لە ھۆش خۆی چوە و تیمی تەندروستیش بەھانایەوە ناچن.


رونیشیکردۆتەوە،  ٨٢ زیندانی بادینان کە ٧٧یان زیاتر لە ساڵێکە بێ دادگایی لە زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر و چاکسازی گەورانن، لەسەر مانگرتن بەردەوامن، تەندروستی بەشێکیان زۆر خراپە و داوای مافە سەرەتاییەکان و ئازادبوونیان دەکەن.


کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا داوا لە ڕای گشتی و رێکخراوە ناوخۆیی و جیھانیەکان، لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرانی وڵاتان دەکات بەھانای زیندانیانی بادینانەوە بچن.