بڕیارێکی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد نیگەرانی کادران دەڕەوێنێتەوە

2021-09-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رۆژی شەممە ١٨-٩-٢٠٢١، لە دوو دیداری جیادا، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لەگەڵ کادرانی سنوری کۆمیتەی بەکرەجۆ و ئەنجومەنی کۆمیتەی سیتەک کۆبووەوە، بە مەبەستی لەنزیکەوە بە ئاگابوون لە ڕاوبۆچوون و شێوازی کارکردنی ئێستایان، پێیڕاگەیاندن دەبێت بەوپەڕی توانایانەوە کار بکەن بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی لە بازنەکاندا.

لە بەشێکی دیدارەکاندا کە بێستوون سابوراوایی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئامادەی بوو، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایگەیاند: یەکێتی، یەکێتی کۆمەڵانی خەڵکە، ھەر بەرپرسێکیش لەئاست داواکاری خەڵک نەبوبێت و پۆستەکەی نەخستبێتە خزمەتی خەڵکەوە، ئەوە گوزارشت لە سیاسەت و بڕیاری یەکێتی ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت یەکێتی باجی ھەڵەی ئەو کەسان بدات.


لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، دەستخۆشی لە گشت ھەڤاڵانی سنوری کۆمیتەی بەکرەجۆ و سیتەک کرد بۆ کۆشش و ھەڵسوڕانیان لەبەجێھێنانی ئەرکەکانی سەرشانیان و، ھاوکات باسی لە ھەلومەرجی خەباتی سیاسی(ی.ن.ک) لەم قۆناغەدا کراو ئەرکی ئێستای رێکخستنەکان خرایەڕوو، جەختی لەوەشکردەوە کە دەبێت بەوپەڕی تواناوە کار بکەن بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی لە بازنەکاندا.


لەبارەی لکاندنی ھەردوو کۆمیتەی سیتەک و چوارتا و کۆکردنەوەیان لەژێرناوی کۆمیتەی شارباژێر، کادرانی سنوری کۆمیتەی سیتەک رایانگەیاند: پێشووتر بۆ ئەو بڕیارە ھیچ پرس و راوێژێکمان پێنەکرا، بۆیە نیگەرانی زۆری لای کادران دروست کرد، بەڵام دڵخۆشین بە بڕیاری مێژووی و بەرپرسیارانەتان خاتوو شاناز - بە سەرلەنوێ کردنەوەی کۆمیتەکەمان و بەدڵنیاییەوە ھەموو کارێک دەکەین بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیمان لەم قۆناغەدا.