شاناز ئیبراھیم ئەحمەد: کادرانمان لەم ھەڵبژاردنەدا دەیسەلمێنن بەیەکەوە بەھێزترین

2021-09-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

لەو دیدارەدا، شۆڕش ئیسماعیل پشتگیری و پشتیوانی خۆی بۆ کاروبارەکانی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد دەربڕی وەک لێپرسراوی میحوەری سلێمانی بۆ بانگەشە و ھەڵبژاردن و بەگرنگییەوە لەو ھەنگاوانەی ڕووانی تائێستا لە چوارچێوەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ھاوپەیمانی کوردستان گیراونەتەبەر و توانراوە بەشێوەیەکی ئارام و پابەندی یاسا و رێساکانی کۆمسیۆنی باڵا ھەڵمەتەکە بەڕێوەببرێت.


شاناز ئیبراھیم ئەحمەد سوپاسی ئەو پشتیوانییەی کرد و بەھەنگاوێکی پڕ بایەخی لەقەڵەمدا بۆ بەھێزکردنی ھەوڵەکانی ھاوپەیمانی کوردستان لەنێوان ئەو دوو حزبە کاریگەرەی کوردستان، لەیەکێتی و گۆڕان وتیشی، کادر و ھەوادارانمان لەم ھەڵبژاردنەدا دەیسەلمێنن کە بەیەکەوە بەھێزترین و بەیەکەوە بونمان دەرەنجامێکی باشی دەبێت و لەبەرژەوەندی میللەتەکەماندا دەکەوێتەوە.


لەبەرامبەردا، شۆڕش ئیسماعیل جەختی کردەوە کە وەک کادرێکی باڵای یەکێتی ھەردەم ئامادەیە کاربکات بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی، ئاماژەشی بەگرنگی ئەو ھاوپەیمانێتییەدا و رایگەیاند، ھاوپەیمانی کوردستان ھەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی یەک ریزی نیشتمانی کەمیللەتەکەمان لەھەموو کات زیاتر پێویستی پێیەتی، و کاتێ یەک دەنگیش بووین دەتوانین لەبەغدا مافە ڕەواکانی گەلەکەمان باشتر بەدەست بھێنین.