ئەنجامدەری دوو تاوانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سلێمانی دەستگیرکرا

2021-09-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنجامدەری تاوانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەستگیرکرا و ڕادەستی دادگا کراوە بۆ ئەوەی سزای خۆی وەربگرێت.

‌ژووری ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ژووری ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەش پێکھێنرا لە دەزگای ئاسایشی ھەرێم و ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری و ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و دژە تیرۆر و پۆلیسی سلێمانی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای تۆمەتبارانی دوو کردەوەکەی دوو ڕۆژی ڕابردووی سلێمانی.


لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە، دوای چڕ کردنەوەی ھەوڵەکان، توانرا لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعاتدا پیلانەکە ئاشکرا بکرێت و تۆمەتباری سەرەکی ئەو دوو کردەوەیە دەستگیر بکرێت، کە کردەوەی یەکەمیان لە ١٦ی ئەیلول ڕوویداوە و تێیدا کەسێک بریندار بوو، کردەوەی دووەمیش ڕۆژی ١٧ی ئەیلول ئەنجامدراوە و کەسێک تیرۆر کرا، لە ئێستاشدا تۆمەتبارەکە ڕاپێچی دادگا کرا بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆی وەربگرێت.


لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەختکراوەتەوە، سلێمانی شاری ئارامییە بۆ ھەمووان بێ جیاوازی و ئاسایش و ئارامی شار و ھاووڵاتییانیش پارێزراوە.