قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئیدانەی تیرۆرکردنی شوکری سەرحەد دەکات و داواش لە ھێزە ئەمنییەکان دەکات شەو و ڕۆژ بخەنە سەر یەک بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شوکری سەرحەد ئەندامی کۆمیتەی شەھیدانی پارتی کرێکاران لە ھەرێمی کوردستان لە گەڕەکی چوارچرا تەقەی لێکرا و شەھیدکرا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا بە توندی ئیدانەی تیرۆرکردنی (شوکری سەرحەد)ی کرد و داوای لە لایەنە ئەمنییەکان کرد؛ شەو و ڕۆژ بخەنە سەر یەک لە پێناو دەستگیرکردنی تاوانباران و ڕادەستکردنیان بە دادگا بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
دووپاتیشیکردەوە، سلێمانی شاری ئارامی و سەقامگیرییە بۆ ھەمووان، و ھەموو کەسێکیش دەتوانێت لە ژێر سایەی ئارامی و ئاسایشی ئەم شارە ژیانی خۆی گوزەر بکات بێ ھیچ جیاوازییەک.