ئەمریکا ژمارەی یەکە شەڕکەرەکانی لە ھەولێر و عەین ئەسەد کەمدەکاتەوە

2021-09-17   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
عێراق و ئەمریکا ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەیەکی یەکە شەڕکەرەکان لە ھەردوو بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و ھەولێر و کەمکردنەوەی ئاستی فەرماندەیی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەی ھونەری سەربازی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر شەمەری و جۆن برینان فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی یەکە شەڕکەرەکان و تواناکانی ئەمریکا لە ھەردوو بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و ھەولێر و تەواوکردنی  پڕۆسەکە لە مانگی ئەیلولدا.


ھەروەھا ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی فەرماندەیی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بارەگای فەرماندەییەکە لە پلەی فەریقەوە بۆ پلەی لیوا بۆ کاری ئیداری و ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگری.


جەختیشیانکردەوە، بوونی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر داوای عێراقە، لەسەر بنەمای دابینکردنی پارێزگاری لە حکومەتی عێراق بە پێی یاسا و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان کە بگونجێت لەگەڵ سەروەری عێراق.


ھەروەھا ھەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەردەوام بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی ھەنگاوەکانی داھاتوو بۆ گەرەنتیکردنی پڕۆسەی گواستنەوە بۆ ڕۆڵی ڕاوێژکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە وادەی دیاریکراودا کە کۆتایی ئەمساڵە.