ھاوپەیمانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

2021-09-17   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان (ئەمریکا و بەڕیتانیا و ئوستراڵیا)، کاردانەوە بەدوای خۆیدا دەھێنێت و ئەمریکاش ھەوڵی ھێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی فەڕەنسا دەدات و جەختدەکاتەوە لە بەھێزی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھاوبەشە ئەوروپییەکانی.

لە بارەی ڕێککەوتنی نوێی ئاسایشی نێوان ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئوستراڵیا لە ئۆقیانووسی ھیندی و ھێمن، وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند: ئەو ڕێککەوتنە زیانێکی گەورە بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەگەیەنن و کێبڕکێی خۆپڕچەککردن زیاد دەکات.


ھاوکات (جان ئیڤ لۆردیان) وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش ڕایگەیاند: بڕیارەکە پێشبینی نەکراوبوو، و ڕێککەوتنەکەشیان لەگەڵ ئوستراڵیادا لە دەست دەدەن، بۆیە لەم بابەتەدا ھەست دەکەن بایدنیش وەکو تڕەمپ ڕەفتاری کردووە.


سەرۆک وەزیری ئوسترالیاش ڕایگەیاند: ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی بە ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٦ی نێوان فەڕەنسا و ئوستراڵیا دەھێنێت بۆ کڕینی ژێردەریاییەک لەو وڵاتە بە بەھای ٤٠ ملیار دۆلار.


لایخۆشیەوە، (وەزیری دەرەوەی ئەمریکا) ڕایگەیاند: واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە پەیوەندی و ھەماھەنگییەکانی لەگەڵ پاریس و بەم نزیکانەش بۆ ھێوەرکردنەوەی ڕەوشەکە چاوی بە ھاوتا فەڕەنسییەکەی دەکەوێت.