شاناز ئیبراھیم ئەحمەد پێشوازیکرد شادی نەوزاد پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان

2021-09-12   |  
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد شادی نەوزاد
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی (ی.ن.ک) پێشوازیکرد لە شادی نەوزاد پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان.


لەدیدارێکدا کە زیاد جەبار سەرۆک و ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەیبوون، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وێڕای بەخێرھێنانی پەرلەمانتار شادی نەوزاد بۆ ناو ڕیزەکانی یەکێتی، لەوتەیەکیدا بڕیارەکەی شادی نەوزادی بەهەنگاوێکی هاوسەنگ و گرنگ لەقەڵەم دا لەژیانی سیاسی ئەو پەرلەمانتارەدا بەوپێیەی گواستنەوەی خەباتی پارلەمانی بۆ نێو فراکسیۆنی یەکێتی و متمانەدان و قایل بوون بەو سیاسەتەی کەئەم حزبە پەیڕەوی دەکات خۆی لەخۆیدا هەنگاوێکی گرنگە، و هیوای خواست لەگەڵ هەڤاڵەکانی تریدا لەفراکسیۆنی یەکێتی بتوانێت خزمەت بەسیاسەت و ئەجێندای ئەم حزبە بکات و کاربکات بۆ باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان. 

لەبەرامبەر ئەو پێشوازییە شایستەیەدا، پەرلەمانتار شادی نەوزاد رایگەیاند کە سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی بەمەبەستی دەربڕینی ئامادەیی یە بۆ کارکردن و وتیشی: لێرەوە بەردەوامی بەکارەکانی (ی.ن.ک) دەدەم و لەچوارچێوەی فراکسیۆنی یەکێتی درێژە بە خزمەتەکانم دەدەم، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشەوە، شادی نەوزاد بەڵێنی دا کە یەکەمین هەنگاوە سیاسییەکانی لەریزەکانی یەکێتیدا، کارکردن بێت بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی. 

لەبەرامبەردا خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێی راگەیاند: یەکێتی ماڵە گەورەکەی ھەمووانە، دەخوازین بەیەکەوە وەک فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی یەکێتی پەرۆشتر کار بکەن لەسەر داوا و مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان.