عێراق

بەغداد و واشنتۆن ڕێككەوتن هیچ بنكەیەكی سەربازیی بیانیی لە عێراق نەمێنێت


ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵیت، بەغداد و واشنتۆن ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی هیچ بنكەیەكی سەربازیی بیانیی، لە خاكی عێراقدا نەمێنێت.

قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی نێوان لێپرسراوانی بەغداد و واشنتۆن لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژی، لایەنی ئەمریكی بەڵێنیداوە بە كشانەوەی ژمارەیەكی زۆری هێزەكانیان و لێپرسراوانی ئەو وڵاتە ستایشی هێزە ئەمنییەكانی عێراقیان كردووە، لە جەنگی دژی تیرۆریستانی داعشدا.

وتیشی، بەغداد و واشنتۆن ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق سەركردایەتی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش لە ئەستۆ بگرن و هێزە ئەمنییەكانی عێراقیش توانای پاراستنی باڵیۆزخانە و نێردەی وڵاتانی بیانیان هەیە، جگە لەوەش هەردوولا جەختیان كردووەتەوە لەسەر ئەوەی هیچ بنكەی سەربازیی بیانیی لە عێراق نەمێنێت.

لێدوانەكەی قاسم ئەعرەجی لە كاتێكدایە، خولی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریكا، دەستیپێكردووە.


هەفتە پێشتر - Apr 7 2021 8:55PM
Print Friendly and PDF
زیاتر