راپۆرت

لێكنزیكبوونەوە لە نێوان ئەمریكا و ئێران هەیە


لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی نزیكبوونەوە لە نێوان ئەمریكا و ئێران دروست دەبێت و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش بە دووری نازانێت سزاكان لەسەر ئێران كەمبكەنەوە، بەڵام هەنگاوی كرداری ئەمریكا دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران، كە ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەمریكا و ئێران، بە كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی دەستیپێكرد، ئەوەش سەرەتایەكە بۆ شكاندنی بەستەڵەكی نێوان ئەمریكا و ئێران و ناكۆكییەكانیان لە بارەی ڕێكکەوتننامەی ئەتۆمی، حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش ڕایگەیاند، ئێران پابەندی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە دەبێت، ئەگەر ئەمریكا بگەڕێتەوە بۆ نێو ڕێككەوتننامەكە و سزاكانیش لاببات.

وتیشی، ئەمریكا ئامادەیی بۆ كۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی و ناڕاستەوخۆ دەربڕیووە، ئەمریكاش دانی بەوەداناوە دانوستان تاكە چارەسەرە. لە بارەی دانوستانەكانی ڤییەناشەوە وتی، سەرەتایەكی نوێیە بۆ گەیشتن بە ئەنجام، ئەگەر ئەمریكا ڕاستگۆ و جدی بێت.

كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، جەخت لەوە دەكەنەوە پشوودرێژن بۆ دانوستانەكان و خواستی ئەنجامدانی دانوستانێكی درێژخایەنیان هەیە، ئەوەش لە كۆبوونەوەكانی ڤییەنا و لێدوانی بەرپرسانی ئەمریكا دەخوێنرێتەوە، كە ئەمریكا تا دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران، هەنگاوی كرداری بۆ لابردنی سزاكان و گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی هەڵناگرێت، كە بڕیارە ڕۆژی ١٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردن لە ئێران بەڕێوەبچێت.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش چین و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوا لە ئەمریكا دەكەن بە بێ مەرج بگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی، كە لە ساڵی ٢٠١٨وە ئەمریكا بە بڕیاری دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا لێی كشایەوە.

هەفتە پێشتر - Apr 7 2021 6:15PM
Print Friendly and PDF
زیاتر