کوردستان

بافڵ تاڵەبانی: درێژە بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال دەدەین


ئەمڕۆ ١٦ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك مام جەلال وەك یەكەمین سەرۆككۆماری كورد لە مێژووی عێراق تێدەپەرێت. بافڵ تاڵەبانیش  دەڵێت دیموكراسی، تەبایی و پێكەوەژیان بناغەی سیاسەتی  سەرۆك مام جەلال بووە و ئەوانیش هەڵگری ئەو مەشخەڵە دەبن.

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی ١٦ ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك مام جەلال لە ئەنجومەنی نوێنەران پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، بە شانازییەوە یادی ئەو ڕۆژە پر شكۆیە دەكەنەوە. ٦ی نیسان بۆ  ئەوان ڕۆژی وەفاداری و بەردەوامییانە بۆ درێژەدان بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال، ڕۆژی بەرپرسیاریەتییانە بەرامبەر نەتەوەكەیان و هەموو ئەو بەها و بڕوایانەی مام بەرگری لێكردوون.

 ئاماژەی بەوەشداوە، دیموكراسی، تەبایی و پێكەوەژیان بناغەی سیاسەتی سەرۆك مام جەلال بووە و ئەوانیش هەڵگری ئەو مەشخەڵە دەبن. دیالۆگ و لێكتێگەیشتن ستراتیژی كاركردنیان دەبێت و لەسەر ڕێبازەكەی بەردەوام دەبن.

بافڵ تاڵەبانی لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا ڕایگەیاندووە، عێراق بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت، نەبوونی متمانە لە نێوان هێز و لایەنەكان و ئەنجامنەدانی دیالۆگێكی نیشتمانیی لە پێناو چارەسەكردنی كێشەكان پێیان دەڵێت هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال لە ڕابردوودا چەند گرنگ بووە. ئەو چەترێك بوو بۆ هەموو عێراقییەكان و بە سیاسەتی حەكیمانەی خۆی هەمووانی بۆ مێزی گفتوگۆ بانگهێشت دەكرد. هەموو لایەكیش ئەو ڕاستییە دەزانن و شایەتی بۆ هەوڵی بێوچانی ئەو دەدەن لە پێناو سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق.

هەفتە پێشتر - Apr 6 2021 9:23AM
Print Friendly and PDF
زیاتر