هەمەڕەنگ

زانیاری تایبەتی زیاتر لە ٥٣٣ ملیۆن بەکارھێنەری فەیسبوک دزەی پێکراوە


داتا و زانیارییەکانی زیاتر لە نیو ملیار بەکارھێنەری فەیسبوک دزەی پێکراوە و لە وێبسایتێکی ھاککەران بڵاوکراونەتەوە. 
بەپێی راپۆتێکی پێگەی "بیزنز ئینسایدەر"، زانیاری زیاتر لە ٥٣٣ ملیۆن بەکارھێنەری فەیسبوک دزەی پێکراوە لە ١٠٦ دەوڵەتەوە، کە زیاتر لە ٣٢ ملیۆن بەکارھێنەری ئەمریکا و ١١ ملیۆن بەکارھێنەر لە بەریتانیا و ٦ ملیۆن کەس لە ھندستان دەگرێتەوە، زانیارییەکانیش ژمارەی تەلەفۆن و ناوی کەسەکان و ئیمەیڵ و ناونیشانی  تێدایە و دەتوانرێت بۆ مەبەستی تر بەکاربھێندرێن. 
بە وتەی چەندین لێکۆڵەری ئەمنی کە بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، ئەو زانیارییانە تەمەنیان چەندین ساڵە و ھاککەران دەتوانن بە بەکارھێنانی ئەو داتا و زانیارییانە خۆیان بکەن بەو کەسانە و کاری نایاسایی بکەن. 
لەسەر ئەو ڕاپۆرتە،  وتەبێژێکی کۆمپانیای فەیسبوک وتی، ئەو زانیارییانە کۆنن و لە ساڵی ٢٠١٩ەوە راگەیەندراون و لە مانگی ئابی ھەمان ساڵ چارەسەرکراون. سەرباری ئەو ڕوونکردنەوەیە، بەڵام لایەنە ئەمنییەکان دەڵێن دزەپێکردنی ئەو زانیارییانە دەرخەری ئەوەن کە زانیارییەکان لەسەر سۆشیال میدیا پارێزراو نین و بەبێ ئاگاداری و رەزامەندی بەکارھێنەران، دەبرێن.


هەفتە پێشتر - Apr 4 2021 12:58PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
12