عێراق

كۆمسیۆن: چەندین گرفت لە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن لە دەرەوەی وڵات هەبووە


كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ڕوونكردنەوە دەدات لە بارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات و دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو بڕیارە تەنها بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنەكانە.

"جومانە غەلای" وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاندووە، كۆمسیۆن گرنگیەكی زۆر دەدات بە بەشداریكردنی عێراقییەكانی دەرەوەی وڵات لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە چەند گرفتێكی دارایی و تەكنیكی و یاسایی و تەندروستی ڕێگریان لە بەردەم پڕۆسەكە دروستكردووە.

ڕوونیشیكردووەتەوە كە پڕۆسەی تۆماری دەنگدەران لە دەرەوە، ١٦٠ ڕۆژی پێویستە، بەڵام تەنها ٤٠ ڕۆژیان لە بەردەمدا ماوە بۆ تۆماری بایۆمەتری، وەزارەتی دەرەوەش ئەنجامدانی پڕۆسەكەی لەناو باڵیۆزخانە و كۆنسوڵخانەكانی عێراق لە دەرەوە ڕەتكردووەتەوە بەهۆی ئەو ڕەوشەی كۆرۆنا دروستیكردووە ئەمەش ڕێگرییەكی تر بووە لە بەردەم پڕۆسەكەدا.

وتەبێژی كۆمسیۆن دووپاتیشیكردووەتەوە كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی دەنگدان لە دەرەوە تەنها بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنە و لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا هاوشێوەی ڕابردوو لە دەرەوەی وڵاتیش عێراقییەكان مافی دەنگدانیان دەبێت.

2 هەفتە پێشتر - Apr 1 2021 8:02PM
Print Friendly and PDF
زیاتر