یەکەم ڕۆکێتی کۆمپانیای "SpaceX" بە سەرکەوتوویی نیشتەوە

2021-05-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بە گوێرەی ھەواڵێکی ئاژانسی "CNN" کۆمپانیای "SpaceX" لە نوێترین ھەوڵیدا توانی بە سەرکەوتووی و بە بێ کەوتنەخوارەوە کەشتی ئاسمانی "ستارشیپ" بنیشێنێتەوە کە ئەمەش دەستکەوتێکی مەزنە بۆ مرۆڤایەتی و پاراستنی گیانی کەشتیوانەکانی ئاسمان.

بە پێی ھەواڵە، کەشتیەکە ناوی "SN١٥"ە و پێنجەم ڕۆکێتی ھەوڵە تاقیکارییەکانی کۆمپانیای ناوبراوە کە لە بنکەیەکی ئاسمانی لە باشوری ویلایەتی تێکساسەوە ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمان کرا و مەودای ٥ میل بەرزبوویەوە و لە پاش چەندین جوڵەی ئامانجداری ھەڕەمەکی بەرەو زەوی گەڕایەوە و دووان لە بزوێنەرەکانی بەکارخست و بە ھەمان باری دەرچوونی لە گۆی زەویەوە بە سەرکەوتوویی نیشتەوە.


جێی ئاماژەیە، ئەم سەرکەوتنەی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە دوای چوار تاقیکردنەوەی شکستخواردوو دێت کە ڕۆکێتەکان سەرجەمیان لە ماوەی نیشتنەوە دەکەوتنە خوارەوە یاخود دەتەقینەوە. ھەروەھا ھەنگاوێکی نوێشە لە پڕۆژەی ناردنی ھاوڵاتیان بۆ سەر مەریخ کە کۆمپانیای ناوبراو پێی ھەڵدەستێت.


لایخۆشیەوە، "ئیلۆن مەسک" سەرمایەداری گەورەی جیھانی و خاوەنی کۆمپانیای تێسلا کە لە ھەمان کاتدا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "SpaceX"یشە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دڵخۆشی خۆی دەربڕی و لە ئەژماری تایبەتی خۆی بە سەرسوڕمانەوە ڕایگەیاند " نیشتنەوەی ستارشیپ بەس ناوە! " وەک توانجێک بۆ ئەو کەسانەی ڕەخنەیان لێدەگرت و باوەڕیان بە پڕۆژەکەی نەبوو.