لە ژاپۆن جۆرێکی نوێی کۆرۆنا سەرھەڵدەدات

2021-08-08   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە ژاپۆن یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە جۆری نوێی کۆرۆنا بە ناوی لامبدا تۆمار کرا.

لێپرسراوانی وەزارەتی تەندروستی ژاپۆن ڕایانگەیاند، تووشبووەکە ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵانە و لە دوای گەڕانەوەی لە پیرۆ لە ٢٠ی تەموزدا لە فڕۆکەخانەی ھانیدای نێودەوڵەتی پشکنینی بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە تووشبووی کۆرۆنای لامبدایە.

ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئەو ژنە ڕەوشی تەندروستی جێگیرە و تا ئێستا نیشانەکانی مەترسیدار نین، بەڵام بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرەی ڤایرۆسەکە لە ژاپۆن لە ئێستادا کەرەنتین کراوە.

نوێترین جۆری کۆرۆنا بە ناوی لامبدا بۆ یەکەم جار لە پیرۆ تۆمار کراوە و بەوە جیا دەکرێتەوە کە لە ھەندێک تووشبوودا نیشانەکانی ڤایرۆسەکە مەترسیدارن و توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤاکسینەکانیشی ھەیە.