ئەنجامدانی گەشتی عومرە دەستپێدەکاتەوە

2021-08-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنجامدانی گەشتی عومرە دەستپێدەکاتەوە و وەزارەتی ئەوقافی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، چاوەڕوانی رێنمایی عێراقن بۆ ناردنی عومرەکارانی ھەرێم بۆ سعودیە.

نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ھەرێم بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، سعودیە پێشوازی لە چوونی عومرەکارانی ھەرێم دەکات و وەزارەتیش ئامادەکاریی تەواوی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان کردووە، بەڵام چاوەڕێن دەستەی حەج و عومرەی عێراق ئاگاداریان بکاتەوە. 

وتیشی، ژمارەیەک مەرج و رێنمایی نوێ بۆ ئەنجامدانی عومرە دانراوە، دیارترینیان ئەوەیە عومرەکار دەبێت ھەردوو ژەمەکەی ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتبێت و تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمتر نەبێت. 
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە ٢٦ ھەزار کەس لە ھەرێم گەشتی عومرەیان ئەنجام دەدا، بەڵام بەھۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، تەنھا ٤٩٢ کەس لە ھەرێم گەشتی عومرەیان ئەنجامداوە.