تەکنەلۆژیا

بەرنامەی "وەتساپ" تایبەتمەندیەتی نوێ بۆ وەشانی "دیسکتۆپ" زیاد دەکات


لە هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا هاتووە، کۆمپانیای فەیسبووکی خاوەنی پرۆگرامی "وەتساپ" ڕایگەیاندووە کە لە هەنگاوێکی نوێدا تایبەتمەندی پەیوەندی دەنگی و ڤیدیۆیی بۆ وەشانی "دیسکتۆپ"ی پڕۆگرامی "وەتساپ" زیاد دەکەن.

بە پێی هەواڵەکە، لێپرسراوانی فەیسبووک ئاماژەیان بەوە داوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا بەکارهێنەران دەتوانن کۆمپیتەرەکانیان بەکاربهێنن بۆ ئەنجامدانی پەیوەندی دەنگی و ڤیدیۆیی بە هەردوو جۆری "پۆرترەیت" و "لاندسکەیپ" لەسەر وەشانی "دیسکتۆپ"ی پڕۆگرامی "وەتساپ" ، لە پاڵیشیدا تەواوی پەیوەندییەکان نهێنی دەبن و هەردوو لایەنی پەیوەندیکار پارێزراو دەبن و هیچ جۆرە چاودێریەکی کۆمپانیا و پڕۆگرامەکەیان بەسەرەوە نابێت.

شارەزایانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش پێیان وایە ئەم هەنگاوەی کۆمپانیای فەیسبووک پڕۆگرامی "وەتساپ" دەخاتە کێبڕکێ و ململانێوە لەگەڵ پڕۆگرامە بەناوبانگەکانی تری ڤیدیۆ کۆنفرانسی وەک "بیگویگ زووم" و "گوگڵ میت" بەڵام تا ئێستا دیار نییە "وەتساپ" خواستی هەبێت بچێتە بواری بەرهەمهێنانی پڕۆگرامی کۆنفرانسی ڤیدیۆیی.

جێی ئاماژەیە پڕۆگرامی "وەتساپ" یەکێکە لە سوودمەندە سەرەکیەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهۆی ئەوەی هاوڵاتیان لە ماوەی کەرەنتین و قەدەغەی هاتوچۆ لە جیهاندا بۆ ئاگاداربوون لە ئازیزانیان زۆرترین پەیوەندی ڤیدیۆییان ئەنجام داوە، بە جۆرێک "وەتساپ" ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە بە ئەنجامدانی ١.٤ ملیار پەیوەندی لەسەر ئەو تۆڕە تەنها لە شەوی سەری ساڵی ٢٠٢٠دا.



مانگ پێشتر - Mar 4 2021 5:21PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
12