ئابوری

کاریگەری دووبارە بەرزکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار دەخرێتەڕوو


ناجێگیری نرخی دراوی نیشتمانی بەرامبەر دراوە بیانییەکان لە ھەر وڵاتێکدا ئاماژەیە بۆ  ناسەقامگیری ئابووری و سیاسی ئەو وڵاتە، ئەمەش ھۆکارێکە بۆ دروستبوونی بێمتمانەیی ھاوڵاتی و پشتکردنە دراوی نیشتمانی و مامەڵەکردن و نرخ دانان و پەسەند کردنی دراوی بیانی وەک جێگرەوە.

لە عێراقیش بەھۆی پشتبەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی داھات، زۆرترین شڵەژانی ئابووری دروستبووە، بەھۆی ئەو پێشھات و گۆڕانکارییانەشی کە بەردەوام لە نرخی نەوتدا رودەدەن لە جیھاندا و بووەتە ھۆی ناجێگیری بازاڕ و ئابوورییەکەی لە لایەک و، لێدوان و شیکاری سیاسی و بازرگانەکانیش لەلایەکی تر، ترس و دڵە ڕاوکێ دروست دەکەن بە جۆرێک ھاووڵاتیان و خاوەن داھاتە جێگیر و سنووردارەکان زەرەرمەندی یەکەمن لە بەرزبوونەوەی نرخی شمەک و کاڵاکان لە بازاڕدا.

نزمبوونەوەی بە ھای دیناری عێراقی دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی وەبەرھێنانی ناوخۆیی و بیانی، لە ترسی زیانە ئابوورییەکان کە بە ھۆی گۆڕانکارییە خێرا و لە ناکاوەکانی دراوی نیشتمانییەوە روودەدەن.

ئەو کۆمپانیا و بەڵێندەرانەش کە کار لەگەڵ حکومەت دەکەن و مامەڵەکانیان بە دینارە، زەرەمەندی یەکەم دەبن، چونکە بە دۆلار پێداویستییەکانیان بۆ پرۆژەکان دەکڕن و بە دینار پارە لە حکومەت وەردەگرن.

لە ئەگەری دووبارە بەرزکردنەوەی بەھای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلار، لە ماوەیەکی کورتدا شڵەژانێکی تر دروست دەکات، وەک چۆن لە ١١٩ ھەزار دینار بۆ ١٤٥ ھەزار دینار کاریگەری خراپی لەسەر داھات و گوزەرانی زۆرینەی ھاووڵاتیان دروستکرد و نرخی شمەک و کاڵای بەرزکردەوە، بۆیە لە ئەگەری دەستکاریکردنەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بەھەمان شێوە شڵەژانێکی تر لە بازاڕدا دروست دەبێت و وادەکات نرخی دۆلار لە دەستی بانکی ناوەندی دەربچێت و بکەوێتە دەستی بازاڕ و بە شێوەیەکی مەترسیدار و ناجێگیر، بەردەوام یاری بە نرخەکەیەوە بکرێت.



مانگ پێشتر - Mar 4 2021 3:26PM
Print Friendly and PDF
زیاتر