راپۆرت

ئەردۆغان ھەوڵدەدات خولێکی تری سەرۆکایەتی مسۆگەر بکات


"رەجەب تەیب ئەردۆغان" ھەوڵدەدات دەرچەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە بۆ دووبار خۆکاندید کردنەوە و مانەوەی لە دەسەڵات بۆ ٥ ساڵی تر،  بڕیارە ساڵی ٢٠٢٣ ھەڵبژاردنی گشتی تورکیا بەڕێوەبچێت و سەرۆکی نوێ و ٦٠٠ ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکە دیاری بکرێن. 

بەپێی دەستوری ئێستای تورکیا ھیچ سەرۆکێک بۆی نییە لە دوو خول زیاتر لە دەسەڵات بمێنێتەوە، بەڵام "ئەردۆغان" دەیەوێت ئەو بڕگەیەی دەستور کە پەیوەندی بە مەرجەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەوە ھەیە ببەزێنێت و گرەنتی دووبارە کاندیدبوونەوەی خۆی بکات. 

پارتە ئۆپۆزسیۆنە گەورەکانی تورکیا دەڵێن، "ئەردۆغان" پابەندی دەستور نابێت ھەر بۆیە باسی ھەموارکردنەوەی دەستوری ھێناوەتە بەر باس و گومان و مشتومڕی لە شەقامی تورکی زیاد کردووە و ھەوڵیش دەدات ھاوپەیمانەکانی پێشووی وەک "ئەحمەد داود ئۆغلۆ" و ""عەلی باباجان" لە بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بێبەش بکات.

شارەزایانی بواری تورکیاش، پابەندبوونی "ئەردۆغان" بەو بڕگەیەی دەستور بەدوور دەزانن و پێیانوایە ئەو سەرۆکە بۆ جاری سێیەم دێتەوە کێبڕکێی سەرۆکایەتی، چونکە ئەو پێیوایە لە دوای گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی بۆتە سەرۆک و ساڵانی پێشووتری سەرۆکایەتی کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە چووەتە سەر کورسی دەسەڵات، ئەژمار ناکات، دووریش نییە ئەو دەرچە یاساییە بدۆزێتەوە، چونکە خاوەن ھەژموونێکی گەورەیە لەناو دادگای باڵای دەستوری.

ئەو ھەوڵانەی "ئەردۆغان" لە کاتێکدایە بەپێی راپرسییەکان جەماوەری پارتی "داد و گەشەپێدان"ی دەسەڵاتدار کەمبووەتەوە، خودی "ئەردۆغان"یش لە دوای ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکەی ساڵی ٢٠١٩ دووچاری شکستی گەورە بووەتەوە.

ئێستاش باس لە تێکچوونی رەوشی تەندروستی دەکرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا پەرلەمانتارێک گرتە ڤیدیۆیەکی "ئەردۆغان"ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا تەندورستی ئەو سەرۆکە تەمەن ٦٧ ساڵە باش نەدەبینرا.



مانگ پێشتر - Mar 3 2021 3:33PM
Print Friendly and PDF
زیاتر