بنکەی سەربازی عەین ئەسەد موشەکباران کرا
بنکەی سەربازی "عەین ئەسەد" لە ئەنبار مووشەکباران کرا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش راپۆرتێکی سەرەتایی لەسەر ئەو ھێرشە بڵاوکردەوە.
میدیاکانی عێراق رایانگەیاند، ژمارەیەک مووشەک لە بنکەی ئاسمانی "عەین ئەسەد" کەوتوونەتە خوارەوە و لە ناوچەی "بەیادر" لەسەر رێگای نێوان "ھیت و بەغدادی"وە ئاڕاستە کراون.
"واین ماروتو" وتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لە تویتەر نوسی، سەعات ٧:٢٠ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ ١٠ مووشەک ئاڕاستەی ئەو بنکەیە کراون و ھێزە عێراقییەکان لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەن.
"تەحسین خەفاجی" وتەبێژی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراقیش وتی، مووشەکەکان لە دەوربەری بنکەی "عەین ئەسەد" کەوتوون و ھێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.
دوای ھێرشە مووشەکییەکی سەر ھەولێر، ئەوە دووەمین ھێرشە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بکرێتە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی عێراق کە ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانانی تێدا جێگیرکراوە.
|