کوردستان

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە


ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی لامەرکەزی و مۆڵەتی باڵەخانەکان و راستاندنی نوسراوەکان لە سلێمانی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە.

"ئازاد محەمەد ئەمین" سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم بڕیارێکی دەرکردوە سەبارەت بە دڵنیابوون لە مەرجەکانی سەلامەتی و بەرگری شارستانی لەو باڵەخانانەی بەرلەوەی مۆڵەت وەربگرن، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەت لە ھەولێر پێکھێنراوە و دەبێت ئەوانەی مۆڵەت وەردەگرن سەردانی ھەولێر بکەن، ئەوانیش دواتر بڕیار لەسەر مۆڵەتی باڵەخانەکان بدەن، ئەوەش رۆتینی ئیداری زیاتر دەکات و پێچەوانەی دەسەڵاتی ئیداری لامەرکەزییە.

وتیشی، تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە تایبەت بە نوسینگەی راستاندنی سلێمانی کە لە نوسراوێکدا داوا دەکرێت، راستاندن لە نوسینگەی سلێمانی وەربگیرێتەوە و ھەموو بابەتێکی راستاندنی پەیوەست بە ھاوسەرگیری و جیابونەوە و کردنەوەی وەکالەت دەگەڕێتەوە بۆ ھەولێر، دەبێت خەڵکی سلێمانی بۆ رایکردنی مامەڵەکانیان سەردانی ھەولێر بکەن، ئەوەش گرفتێکی تری ئیداریی بۆ شاری سلێمانی دروست دەکات، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو تەوەرانە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە.



مانگ پێشتر - Mar 3 2021 9:29AM
Print Friendly and PDF
زیاتر