کوردستان

ڕاسپاردەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ خۆپارێزی کۆرۆنا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە


ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر چەند بڕیارێکی بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکرد،  لە ڕاگەیەنراوێکیشدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، ھەموو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، "مۆڵ و مارکێت و شوێنە بازرگانییەکان" و دامەزراو و فەرمانگە حکومی و ئەھلیەکان، ناوەندەکانی خوێندن و شوێنە گشتییەکان، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن، ھاوکات پێویستە ھاووڵاتیان دەمامک ببەستن و قەرەباڵغی دروستنەکەن،بەپێچەوانەوە ‌ھەرشوێنێک پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
لەبەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی مانگی ئادار بەرز ڕادەگرن بەبێ ئەوەی ھیچ گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بەڕێوەبچێت.
ھەروەھا ژووری ئۆپراسیۆنەکانی ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند، چاودێری فەرمانگەکان و خوێندنگە حکومی و ئەھلییەکان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی، جەخت لەوەشکراوەتەوە، بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بەرز رادەگیرێت، بەبێ سازدانی ھیچ گردبونەوە و رێوڕەسمێک، داوا لە لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش دەکات ھاوکار و ھەماھەنگی ژوری ئۆپراسیۆن و یەکە ئیدارییەکان بن.
ئیدارەی گەرمیان ڕاشیگەیاند، ئاھەنگ و بۆنە تایبەتەکان و دانانی پرسە لە ناو کۆڵان و گەڕەکەکان، بەتایبەت دانانی خێمە بۆ پرسە رێگە پێدراو نییە، ھاوکات سەردانیکردنی گەشتیارانی شارەکانی عێراق لە ڕۆژانی "پێنجشەممە و ھەینی و شەممە" بۆ ھەرێمی کوردستان قەدەغەیە.


مانگ پێشتر - Mar 2 2021 8:07PM
Print Friendly and PDF
زیاتر