تەکنەلۆژیا

کۆمپانیای ڤۆڵڤۆ تەواوی ئوتومبێلەکانی دەگۆڕێت


لە هەواڵێکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"دا هاتووە کە کۆمپانیای ڤۆڵڤۆ بە نیازە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەرهەمهێنانی تەواوی جۆرەکانی ئوتومبێلی "Volvo" بگۆڕێت بە ئوتومبێلی کارەبایی.

بە گوێرەی هەواڵەکە، بەرپرسانی کۆمپانیا سویدیەکە ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی ئوتومبێلی کارەبایی ڕێژەی خواستیش لەسەر ئەو ئوتومبێلانە زیادی کردووە بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی ئوتومبێلەکان ژینگەدۆستن، بۆیە پلانیان داناوە تا کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٣٠ هێڵی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بە تەواوی بگۆڕن بۆ ئوتومبێلی کارەبایی و چیتر ئوتومبێلی بەکاربەری سەرچاوەی سروشتی وەک گاز و بەنزین بەرهەمنەهێنن.

لەو بارەیەشەوە، "هاکان ساموێڵسن" بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤۆڵڤۆ بە میدیاکانی ڕاگەیاند بە پێی پلانەکەی کۆمپانیای ناوبراو تا ساڵی ٢٠٢٥ ڕێژەی ٥٠٪ فرۆشی ئوتومبێلەکانیان لە جیهاندا بە تەواوی کارەبایی دەبن و نیوەکەی تریش لە جۆری ئوتومبێلی "هایبرێد" دەبن کە بزوێنەرەکانیان پشت دەبەستن بە هەر یەک لە سوتەمەنی سەرچاوەی سروشتی (گاز و بەنزین) هەروەها کارەباش وەک سەرچاوەی وزە.

ئاماژەی بەوەشدا، ڕۆژی سێشەممە کۆمپانیا دووهەمین جۆری ئوتومبێلی تەواو کارەبایی "ڤۆڵڤۆ" بە ناوی "C40" نمایش دەکات کە چەندین تایبەتمەندی نوێی بێتەل "Wireless" و خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی بۆ زیادکراوە و لە چەند ساڵی داهاتووشدا چەند جۆرێکی نوێی ئوتومبێلی کارەبایی بەرهەمدەهێنن کە تەنها لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە دەفرۆشرێن.

جێی ئاماژەیە، "هاکان ساموێڵسن" لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی داهاتووی پیشەسازییەکە ڕایگەیاند "ئێمە بڕوامان وایە لە ئێستادا ئوتومبێلی کارەبایی سەرنجڕاکێشتر و زیاتر خواستی لەسەرە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە و بەمزووانەش کەس ئوتومبێلی بەکاربەری سوتەمەنی ناکڕێت".

لە ئێستاشدا کۆمپانیای "ڤۆڵڤۆ" کە لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی "Geely" چینییەوە خاوەنداریەتی دەکرێت، لە کێبڕکێدایە لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی ئوتومبێلی کارەبایی لە جیهاندا بۆ دروستکردنی ئوتومبێلێک کە بە ڕێژەی لە سەدا سفر دوانەئۆکسیدی کاربۆن و گازە زیانبەخشەکانی تر بکاتە بەرگەهەواوە لە کاتێکدا لە چین و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا سنورێک بۆ گازە زیانبەخشەکان دانراوە کە لە ئوتومبێلەکانەوە دەچنە بەرگەهەواوە و تەنانەت لە هەندێک وڵاتدا بەکارهێنانی ئەو ئوتومبێلانەی سەرچاوەی سروشتی (گاز و بەنزین) وەک سوتەمەنی بەکاردەهێنن بە تەواوی ڕێگەپێنەدراوە.



مانگ پێشتر - Mar 2 2021 12:44PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
12