راپۆرت

داوای لابردنی یاسای قەرز لە بودجەدا دەکرێت


چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین وادەدا گۆڕانکاری لە بودجەی گشتی عێراقدا بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژی پێنجشەممە دیاریکراوە بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق.
مەزھەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە لە ڕێگەی  گۆڕانکاریی لە نرخی خەمڵێنراوی نەوت و کۆی گشتی داھاتەکان و قەبارەی خەرجییەکان کورتھێنانی بودجە چارەسەر دەکرێت.

ئەو راوێژکارە دووپاتی کردووەتەوە دەبێت حکومەتی عێراق پێداچونەوە بە بودجەی گشتیی عێراقدا بکات بە جۆرێک پێویستی بە قەرز نەبێت، ئەوەش بەھۆی ئەو جیاوازییەی لە نرخی نەوتدا ھەیە و لەئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوت ٦٥ دۆلاری تێپەڕاندوە، بەڵام لە ڕەشنوسی بودجەدا بە ٤٢ دۆلار تۆمارکراوە.

سەرەڕای بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناش، دەستەی گشتی باجەکانی عیراق ئاشکرای دەکات داھاتی باجەکان لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە ٣ تریلیۆن و ٨٠٠ ملیۆن دینار بووە، ئەوەش بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ بە رێژەی ٢٣% زیادی کردووە.

لە لای خۆیەوە دەستەی گومرگی عیراق تاووتوێی زیادکردنی بڕی باج دەکات لەسەر ھەندێک شمەک و کاڵا تا بتوانێت ھاوکاری پڕکردنەوەی بودجە بێت وەک سەرچاوەیەکی نانەوتی بۆ ٢٠٢١، کە بە جۆرێک بگاتە دوو تریلیۆن دینار و لە کاتی کەرەنتیەشدا بەشێوەی تەواوەتی یان نیمچە قەدەغە دەستەکەیان لە خاڵە سنوریەکاندا بەردەوام دەبێت لە کارکردن.

سەرچاوەیەکی دیکەی زیادبونی داھاتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ دا، گۆڕانکاری بوە لە نرخی دۆلار بەرانبەر دینار، کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عیراقەوە بە ھەزار و ٤٥٠ دینار بۆ ھەر یەک دۆلار دیاریکراوە، ئەوەش لەپێناو پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجەدا بوە، کە نەوت بە دۆلار دەفرۆشێت و بودجە و موچە بە دینار دیاری دەکات.

پشکی کوردیش لە پڕۆژەیاسای بودجەی عیراقی فیدڕاڵدا بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە ڕێژەی (١٢.٦٧% ) دانراوە و بە دوریش دەزانرێت بەھۆی بارودۆخی سیاسی و ئابوریی ناوخۆیی و ناوچەکە و جیھانەوە بەبێ کورد پڕۆژەکە تێبپەڕێندرێت.



مانگ پێشتر - Mar 1 2021 11:09PM
Print Friendly and PDF
زیاتر