راپۆرت

ئاژانسی وزەی ئەتۆم پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستپێدەکاتەوە


بەپێی رێککەوتنەکەی نێوانیان، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پشکنینەکانی لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستپێکردوە و دەڵێت یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئەو وڵاتە  ١٤ ھێندە زیاترە لەو بڕەی کە رێگەی پێدراوە.

بەرێوەبەری ئەو ئاژانسە نێودەوڵەتیە نایشارێتەوە کە بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئێران ھەیانە دەرفەتی گەیشتنی پشکنەرەکان بۆ ئەو ناوچانەی پێویستە پشکنینی تێدا بکەن کەمتر بووەتەوە، بەڵام توانیویانە پێشێلکاری نوێی ئێران ئاشکرا بکەن، بۆشیان رونبووەتەوە کە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە ئێران ١٤ ھێندەی رێگە پێدراوە.

چەند ھەفتەی رابردوو ئاژانسی وزەی ئەتۆم لەگەڵ ئێراندا رێککەوت لەسەر ئەوەی بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بێت لەسەر پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، بەڵام ھەر زوو"عەلی ئەکبەر ساڵحی"بەرێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران ھەرەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر ئەمریکا سزاکانی سەر ئێران ھەڵنەگرێت، ئەوا بەشێک لە کامێراکانی چاودێری لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان لادەبەن.

ئێستا بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، ئێران داوا لە واشنتۆن دەکات سزاکانی لەسەر ھەڵبگرێت،  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر دانوستانتان دەوێت، بگەرێنەوە رێککەوتنی ئەتۆمی و سزاکانی سەر ئێران ھەڵبگرن، دەشڵێت بەردەوام دەبن لەکارکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەرباری کەمبونەوەی ھاوکارییەکانی نێوانیان، ئەم وتانە لەدوای ٢٤ سەعات دێت لە رەتکردنەوەی پێشنیارێکی ئەوروپا لەلایەن ئێرانەوە، کە بۆ کۆبونەوەیەکی نارەسمی بە بەشداری ئەمریکا دابویە ئێران. 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد کە "تاران" پێیوایە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ناڕەسمی ٤+١ لە ئێستادا سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی و بە بەشداری ئەمریکا گونجاو نییە، چونکە ئەوروپا و ئیدارەی نوێی ئەمریکا ھیچ ھەڵوێستێکیان نەبووە و سیاسەتی فشاریان رانەگرتووە، لە بەرامبەریشدا کۆشکی سپی نیگەرانی دەربڕیوە لەوەی ئێران ئەو پێشنیازەی ئەوروپای لەپێناو بوژانەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە رەتکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەیی ئەمریکای دووپاتکردەوە بۆ گرتنەبەری رێگە چارەی دیبلۆماسی لەسەر ئەو پرسە.  



مانگ پێشتر - Mar 1 2021 10:01PM
Print Friendly and PDF
زیاتر