ئابوری

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەرز دەبێتەوە


پەسەندکردنی پرۆژەی پاڵپشتی وەبەرھێنان لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەرزدەکاتەوە، بەگەڕکەوتنەوەی کارگەکانی وڵاتی چینیش خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ ٦٦ دۆلار و ٦٥ سەنت بەرز دەکاتەوە.

پرۆژەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بریتییە لە پاڵپشتی ھاندانی وەبەرھێنەران بە  بڕی ١ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ بە گەڕخستنی پرۆژەکان، ھاوکات لە وڵاتی چین زیاتر لە ٢ملیۆن و ٦٥٣ ھەزار کارگە و پرۆژەی گەرورەو بچوک کە بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە وەستابوون جارێکی تر کەوتوونەتەوە کار، ئەو دوو ھۆکارەش وایانکردووە نرخی نەوت لەبەرزبوونەوەی بەردەوامدا بێت.

پسپۆڕانی ئابوری لە  (بانکەکانی وڵ ستریت) دەڵێن ئەگەر سنورێک بۆ خواستی گشتی جیھان لەسەر نەوت دانەنرێت نرخی یەک بەرمیل نەوت دەگاتە ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی، بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی نەوتی خاو و زیادبوونی قەبارەی خواست لەسەری، وڵاتانی ئۆپیک و ھاوپەیمانەکانی لە ئۆپیک پڵەس ناچار کرد رۆژی پێنج شەممە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامبدەن، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاریاندا بڕی ھەناردەی وڵاتانی ئەندام بەرزبکەنەوە بۆ ١ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش وەک ھەنگاوی سەرەتایی بۆ بەرگرتن لە ھەڵئاوسانی لە رادەبەدەر.

ساڵی رابردوو بە ھۆی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا نرخی نەوت بۆ کەمتر لە ٢٥ دۆلار دابەزی،  ئەوەش رێکخراوی ئۆپیکی ناچارکرد ھەناردەی نەوت کەم بکاتەوە لەپێناو رێگریکردن لە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت.



مانگ پێشتر - Mar 1 2021 8:51PM
Print Friendly and PDF
زیاتر