راپۆرت

ناتانیاھۆ: ئێران بەرپرسە لەو ھێرشەی کرایە سەر کەشتییەکەمان


"ئەو ھێرشەی ھەفتەی رابردوو کرایە سەر کەشتییەکی ئیسرائیلی لە کەنداوی عومان، لەلایەن ئێرانەوە بوو، ئێمەش ھەرگیز رێگە نادەین توانا ئەتۆمییەکانی پەرەپێبدات"، ئەمە لێدوانی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە لە وەڵامی ئەو ھێرشەی شەوی پێنج شەممە کرایە سەر کەشتییەکی بازرگانی ئەو وڵاتـە لە کەنداوی عومان، بەڵام ئێران رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە ھێرشەکەوە ھەبێت.

ناتانیاھۆ دەڵێت، بەراستی ئەو ھێرشە ئێرانی بوو ئەوە روونە ، بەڵام ئێمە بەردەوامین لە دژایەتیکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و رێگە نادەین توانا ئەتۆمییەکانی بەھێز بکات، وەزیرێکی ئیسرائیلیش دەڵێت، ئێران مینی دەریایی بەکارھێناوە بۆ بە ئامانجکردنی کەشتییەکەمان.

شەوی پێنج شەممەی رابردوو، تەقینەوەیەک کەشتییەکی گەورەی ئیسرائیلی بەناوی "ئێم ئێف ھیلیۆس رای" لە کەنداوی عومان کردە ئامانج، ھەر ئەو کات وەزیری بەرگری ئیسرائیل پەنجەی تۆمەتی بۆ ئێران درێژ کرد و وتی، تاران بەرپرسیارە لە ھێرشەکە و دەیەوێت ژێرخانی ئابوری و ھاوڵاتیانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج.

لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەدا، ئێران رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بەو ھێرشەوە ھەبێت، ئەگەرچی رۆژنامەیەکی نزیک خامنەیی بەرپرسیارێتی ئێرانی لەو ھێرشە ئاشکراکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران باس لەوە دەکات کە ئاسایشی کەنداو بۆ تاران گرنگە، بۆیە تۆمەتەکانی ئیسرائیل دژی ئێران راست نیین. 

لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران تۆمەتەکانی ئیسرائیلی رەتکردووەتەوە و دوپاتیکردووەتەوە و کە ئاسایشی کەنداو گرنگە بۆ تاران، بەڵام پێشتر رۆژنامەی کەیھانی ئێرانی، کە نزیکە لە خامنەیی بەرپرسیارێتی تارانی لە ھێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانیەکەی ئیسرائیل ئاشکراکرد و لەلاپەرەی یەکەمیدا نوسیی، کارە شەرەنگێزییەکان لە عێراق و سوریا، لە یەمەن و کەنداوی عومان وەڵام دەدرێنەوە.



مانگ پێشتر - Mar 1 2021 4:46PM
Print Friendly and PDF
زیاتر