نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات ھاوکاری یەمەن بکرێت
بە مەبەستی گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی بەپەلە بۆ یەمەن، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دابینکردنی زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار، دەکات.
پێش بەڕێوەچوونی کۆنگرەی وزاریی تایبەت بە کۆکردنەوەی ھاوکاری دارایی بۆ یەمەن، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاگەیاندراوێکدا، بڵاویکردەوە: نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات لەمساڵدا ھاوکاری مرۆیی بۆ نزیکەی ١٦ ملیۆن ھاوڵاتی لە یەمەن، دابین بکرێت. داواشی لە وڵاتانی کۆمەک بەخش کرد، نزیکەی ٣ ملیارو ٨٥ ملیۆن دۆلار بۆئەو مەبەستە، رادەستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، بکەن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەشکراوە: سێ یەکی دانیشتوانی یەمەن پێویستیان بە ھاوکاری مرۆیی ھەیە بۆئەوەی بتوانن لەژیاندا بمێننەوە، روونیشیکردەوە: نزیکەی نیوەی منداڵانی یەمەن بەتایبەت خوار تەمەن پێنج ساڵان، ڕووبەڕووی کەم خۆراکیی زۆر بونەتەوە، ئەگەر ھاوکاری مرۆیی بەپەلەشیان بۆ دابین نەکرێت، زیاتر ٤٠٠ ھەزار منداڵ، بەھۆی برسێتیی گیان لەدەست دەدەن.
|