ئێران پێشنیازێکی ئەوروپا بۆ کۆبوونەوە لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕەتدەکاتەوە
ئێران پێشنیازێکی ئەوروپا بۆ کۆبوونەوەیەکی ناڕەسمی بە بەشداری ئەمریکا سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی ڕەتدەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، " تاران" پێیوایە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ناڕەسمی ٤+١ لە ئێستادا سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی و بە بەشداری ئەمریکا گونجاو نییە، چونکە ئەوروپا و ئیدارەی نوێی ئەمریکا ھیچ ھەڵوێستێکیان نەبووە و سیاسەتی فشاریان ڕانەگرتووە و بەڵێنیشیان نەداوە بە پابەندبوون بە سەرجەم بەڵێنەکانیان و بڕیاری ژمارەی ٢٢٣١. وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیشی کردەوە لەوەی، جێبەجێکردنی بەڵێنەکان پێویستی بە دانیشتن و گفتوگۆ نییە.
کۆشکی سپیش نیگەرانی دەربڕیوە لەوەی ئێران ئەو پێشنیازەی ئەوروپای لە پێناو بوژانەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ڕەتکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەیی ئەمریکای دووپاتکردەوە بۆ گرتنەبەری ڕێگە چارەی دیبلۆماسی لەسەر ئەو پرسە.
|