راپۆرت

سیستمی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە لە ١٥ی ئادارەوە دەکەوێتە کار


حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ١٥ی ئازاری ئەمساڵەوە سیستمی بە ئەلیکترۆنی کردنی کارتی بانکی بۆ مووچەخۆران و ھاوڵاتیان دەخاتە کار، ئەم سیستمەش لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیھان کاری پێدەکرێت، بە جۆرێک کە ھەژماری بانکی بۆ کەسەکە دەکرێتەوە و دوای ئەوەی پارەی تێدا دادەنرێت، دەتوانێت  لە رێگەی کارتی بانکییەوە شمەک و کاڵا و پێداویستییەکانی رۆژانەی دابین بکات، ئەم سیستمە مەترسییەکانی بردنی پارە بە نایاسایی کەم دەکاتەوە و ئاستی پاراستنی بەرزە بە جۆرێک لە ئەگەری ونبوونی کارتەکەشدا ئەستەمە بتوانرێت پارەکان ببرێن، ئەم ھەژمارە ئەلیکترۆنییە سوودی زۆری ھەیە بۆ ھاوڵاتی و حکومەتیش، چونکە وادەکات متمانە بگەڕێتەوە بۆ مووچەخۆران لە بڕ و کاتی مووچەکانیان بە شێوازی مانگانە و دڵنیا ببنەوە کە دەچێتە سەر ھەژمارەکانیان و دەتوانن خەرجی بکەن، لەسەر ئاستی حکومەتیش سودەکەی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە رزگاری دەبێت لەو قەیرانی سیولەی نەختینەیەیی کە مانگانە بەدەستیوە گیرۆدە دەبێت بەھۆی گەیشتن یاخود دوا کەوتنی بەشەبودجەی ھەرێم لەلایەن بەغدادوە.
ھاوکات کارتی بانکی چارەسەری کێشەی پارەی دڕاو و ساختە و کەمی پارەی وردە دەکات کە رۆژانە ھاوڵاتیان لە مامەڵە و بازاڕەکاندا دووچاری دەبنەوە، ھاوکات سیستمی کارتی ئەلیکترۆنی دەبێتە ھۆی خێراترکردنی مامەڵەکان و کەمکردنەوەی کات و تێچوون لە رێگەی بازاڕکردنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاینەوە کە کارئاسانی بۆ کڕیاران و فرۆشیاران دەکات مامەڵەکانیان لە رێگەی ئینتەرنێت و بەکارھێنانی ئەم کارتانەوە ئەنجام بدەن، لایەنێکی تری باشی بە سیستمکردنی کارتی بانکی لەوەدایە کە ھانی مووچەخۆران دەدات بۆ پاشەکەوتکردن بە جۆرێک لە روی دەرونییەوە ھەستێک لای خاوەنەکەی دروست دەکات کە زۆرتر پارە لە ھەژمارەکانیدا بمێنێتەوە و کەمتری لێ خەرج بکات.


مانگ پێشتر - Feb 28 2021 10:44PM
Print Friendly and PDF
زیاتر