یوڤی و بارسا و ڕیاڵ: بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی سوپەر لیگ

2021-07-31   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھەر سێ یانەکەی سوپەر لیگ، بارسێلۆنا و ڕیاڵ مەدرید و یوڤانتۆس پێشوازیان لە بڕیاری دادگای وەرزشی نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕێگە گرتن لە سزادانیان لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپاوە و ڕایانگەیاند کە بەردەوام دەبن لە پەرەپێدان بە سوپەر لیگی ئەوروپا.

ڕۆژی ھەینی دادگای وەرزشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە ڕێگە بە یوفا نادەن سزای ئەو یانانە بدات کە بەشداریان کردووە لە دروستکردنی سوپەر لیگ. ھەروەھا داواشیان لە یوفا کردووە سەرجەم ئەو سزایانە بکشێننەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەسەر یانەکاندا سەپاندوویانە.


لەو بارەیەوە ھەر سێ یانەکە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەیان خستووەتەڕوو کە لەمەودوا یوفا ناتوانێت ھەڕەشەی سزادانیان لێ بکات.


لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە ئێستا ئامانجیان ئەوەیە پەرە بە پڕۆژەی سوپەر لیگ بدەن، ھەروەھا یوفاشیان بەوە تۆمەتبارکرد کە تاکڕەوی دەکەن و ڕەچاوی پێگەی یانەکان ناکەن لە بڕیارەکانیاندا.


چەند مانگێک لەمەوبەر ١٢ یانەی گەورەی ئەوروپا پڕۆژەی سوپەر لیگیان ڕاگەیاند کە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید سەرۆکایەتی دەکات، بەڵام دوای یەک ڕۆژ ٩ یانە کشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند و ئێستا تەنیا بارسا و ڕیاڵ و یوڤی تێدا ماوە.