عێراق

خۆپیشاندەرانی زیقار داوای دەست لەکارکێشانەوەی کازمی دەکەن


خۆپیشاندەرانی پارێزگای زیقار داوای دەست لەکارکێشانەوەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن و پارێزگاری نوێش بریاردەدات پاراستنی ئەمنیەتی زیقار بدرێتە سوپا و پۆلیس.

خۆپیشاندەرانی زیقار راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا حکومەتیان تۆمەتبار کردوە بە سەرکوت کردنی خۆپیشاندەران و بریارەکەی کازمیشیان بۆ دورخستنەوەی پارێزگاری زیقار لە پۆستەکەی بە کارێکی سیاسیانە ناوبردوە، خۆپیشاندەرانی زیقار دەڵێن، ئێستا داواکاری سەرەکییان دورخستنەوەی کازمیە لە پۆستی سەرۆک وەزیران، چونکە وڵاتی لە خوێن و قەرز و بەڵێنی درۆدا نقوم کردوە .

سەرچاوەیەکی ئەمنیش ئاشکرایکردوە، عەبدولغەنی ئەسەدی، پارێزگاری نوێی زیقار بریاریداوە ھێزەکانی بەرەنگاربونەوەی ئاژاوەگێری لە شەقامەکانی زیقار بکشێنەوە و پاراستنی ئەمنییەتی پارێزگاکە بخرێتە ئەستۆی سوپا و پۆلیس .

نزیکەی ھەفتەیەکە ھەزاران کەس لە دانیشتوانی پارێزگای زیقار رۆژانە لە گۆرەپانی حەبوبی خۆپیشاندان رێکدەخەن و نارەزایی لە رەوشی پارێزگاکەیان دەردەبرن، بەھۆی پێکدادانەکانی نێوان ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانیشەوە تا ئێستا ٤ خۆپیشاندەر کوژراون و دەیانی تریش بریندارن .



مانگ پێشتر - Feb 28 2021 10:12AM
Print Friendly and PDF
زیاتر