ئابوری

زیانە ئابوورییەکانی کۆرۆنا بەرۆکی کەرتی گەشتوگوزار و ئاسمانی بەرنادات


لە راپۆرتی یەکێتی گواستنەوەی ئاسمانی نێودەوڵەتی (ئیاتا)دا پێشبینی قەبارەی زیانە نەختینەییەکانی کۆمپانیاکانی بواری گواستنەوەی ئاسمانی جیھانی دەکات بۆ ساڵی ٢٠٢١ کە لە نێوان  ٩٥ تا ١١٣ملیار دۆلار دەبێت، بەھۆی بەردەوامی کۆرۆنای نوێ کە بووەتە سەرچاوەی ئەو سستییەی لە سەرەتای ئەمساڵدا روبەڕووی کەرتی گەشتوگوزار و گەیاندنی ئاسمانی بۆتەوە ھاوشێوەی ساڵی رابردوو، بە جۆرێک رێژەی کڕینی پێشوەختەی بلیتی گەشتی ھاوینەی ئەمساڵ بەراورد بە ٢٠١٩،  ٧٨% کەمیکردووە. 

شارەزایانی ئەو بوارەش بە دووری دەزانن کەرتی گەشتوگوزار ئەمساڵیش بوژانەوە بەخۆوە ببینێ و مەترسی لە دەستدانی نزیکەی ٢٥ ملیۆن ھەلی کار ھەیە کە لەم کەرتەدا کار دەکەن، لەسەر ئاستی جیھان و پشکی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئاسمانی لە ٢٠٢٠ەوە بە بڕی ٢١% دابەزیوە و کۆمپانیاکانی دروستکەری فڕۆکە و پارچەکانیشی بە ھەمان شێوە بە ھۆی نەمانی خواستەوە بەگشتی لە بەرھەمھێنان وەستاون و خەرجی و تێچوونی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئاسمانیش بەراورد بە ھاوشێوەکانی زۆر زیاترە، بە جۆرێک مووچەی فڕۆکەوانێکی ھێڵی ئاسمانی ساڵانە لە نێوان ٧٠ بۆ ١٣٠ ھەزار دۆلاردایە و ئەمەش ٣٢%ی خەرجییەکان پێکدەھێنێت کە دەربازبوون لێی قورسە بۆیان. 

زیانەکان بۆ فڕۆکەخانە جیھانییە گەورەکانیش بە ھەمان شێوە بووە، بۆ نمونە فڕۆکەخانەی ھیسرۆ لە بەریتانیا بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بڕی ٢ ملیار جونەی ئیستەرلینی زیانی بەرکەوتووە، لە وڵاتە عەرەبییەکانیش سعودیە بەھۆی کۆرۆناوە زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە و نزیکەی ١٤٠ ھەزار فەرمانبەری ئەو کەرتەش لە سعودیە مەترسی لە دەستدانی کارەکانیان ھەیە.



مانگ پێشتر - Feb 27 2021 10:25PM
Print Friendly and PDF
زیاتر