راپۆرت

پرۆژەکەی بایدن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا تێدەپەڕێنرێت


لەگەڵ گەیشتنی پلانەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ،جارێکی دیکە ئاگری ناکۆکی نێوان دیموکراتەکان و کۆماریەکانیی ھەڵایساندەوە، ئەمەش دوای دەنگدانێکی درەنگ وەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ھات کە لە نیوەشەوی ھەینیدا لەسەر پرۆژەی رووبەڕووبونەوەی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەری ھەڵدا، کاتێک کۆماریەکان رەخنەی توندیان ئاڕاستەی پرۆژەکە کرد،  گوایە لە توانای ئابوریی ئەمریکادا نیە، لەبەرئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی ٥٠٠ ھەزار ئەمریکیی گرفتار کردووە و ملیۆنان ئەمریکی دیکەشی بێکار کردووە، بەڵام سەرەنجام پرۆژەکەی بایدن بە کۆی ٢١٩ دەنگ بەرامبەر ٢١٠ دەنگ لە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕی.

پوختەی پرۆژەکەی (جۆ بایدن) سەرۆکی ئەمریکا تەرخانکردنی بڕی١٤٠٠دۆلار بەشێوەی راستەوخۆ  بۆ ھەر ھاوڵاتیەکی ئەمریکی و ھاوکاریی بێکارانی وڵاتەکە  بە بڕی ٤٠٠ دۆلاری ھەفتانە  تا مانگی ٨ی ئەمساڵ لەخۆدەگرێت، جگە لە ھاوکاریکردنی ئەو کەسانەی گرفتیان ھەیە لە پێدانی کرێی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سەرەتای سەرھەڵدانی پەتاکەوە  تا ئێستا.

لەلای خۆشیەوە نانسی بیلوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، کۆنگرێسی وڵاتەکەی چ بەزیاد کردنی بڕگەکانی پرۆژەکە بێت یاخود بە کەمکردنی، ھەر پرۆژەکەی بایدن تێدەپەڕێنێت چونکە دیموکراتەکان واز لەو پرۆژەیەی سەرۆکەکەیان ناھێنن.

ئاژانسەکانی ھەواڵ لە واشنتۆنەوە ئەوەیان ئاشکرا کردووە، کە بیلوسی ھەموو قورسایی خۆی بەکارھێناوەبۆ تێپەڕاندنی پرۆژەکەی بایدن لە ئەنجومەنی نوێنەران و رەوانەکردنی بۆ ئەنجومەنی پیران، لەو ئەنجومەنەش دەنگی ژنە نوێنەرەکەی دیموکراتیەکان کامالا ھاریس یەکلا کەرەوەیە لەبەرئەوەی ئەم ئەنجومەنە ٥٠ بە٥٠ بەسەر دیموکرات و کۆماریەکاندا دابەش بووە.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەسەرەتای مانگی رابردوەوە ئەو  پرۆژە یاسا مشتومڕسازەی ئاڕاستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد کە بڕەکەی بە ١ ترلیۆن و ٩٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.



مانگ پێشتر - Feb 27 2021 9:28PM
Print Friendly and PDF
زیاتر